وەك لێكەوتێكی 16ی ئۆكتۆبەر و لە سایەی نەمانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد، بەتایبەتی لەلایەن میلیشیاكانەوە بەردەوامە، لە شارۆكەی خانەقین باندێكی سەر بە گرووپی "عەسائیب"، لە پزیشكێكی كورد دەدەن.
د. عەمار زەنگەنە، پزیشكە كوردەكە لەو بارەوە بە "وشە"ی گوت، نزیكەی ساڵێكە بەهۆی كاری پزیشكی و بینینی نەخۆش و دەرمانپێدان بە چەند كەسێكی عەرەبی شاری بەغداوە، كە چەندانجار هاتوون بۆ خانەقین و ئێمەیش چووین بۆ بەغدا، چەند رۆژێكە كەوتبوونە هەڕەشەكردن لێمان بۆ ئەوەی پارەی قەرزی سەریان نەدەن و لە قەرزەكانمان خۆشبین، چونكە چارەسەر و دەرمانمان پێ فرۆشتبوون و نەمانزانیبوو باندی سەر بە حەشدن.
باندەكە حەوت كەسن ژمارەیەكیان گیراون و ئەوانیتر لە كارەكانیان بەردەوامن
زیاتر گوتی، ئەوان لە خانەقین لە خۆم و برایەكیان دام، من بە سەختی بریندار كراوم، روونی كردەوە، ئەوان لەلایەن گرووپی "عەسائیب ئەهلولحەق"ەوە پاڵپشتیان دەكرێت، باندێكی حەوت كەسین و ژمارەیەكیان لەكاتی چوونیان بۆ ناوچەكانی تری كوردستان گیراون، بەڵام دووانیان نەگیراون و سەرقاڵی دروستكردنی باندی ترن.
ئەو پزیشكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پاش ئەوەی جارێكی تر هێرشیان كردە سەرمان، ئەمڕۆ ویستم بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەریان ئاشكریان بكەم، بەڵام هەوڵ دەدەن بە پاڵپشتی گرووپی "عەسائیب" لە هیچ دادگایەك نەگیرێن .
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی