شنگال.. گرووپێكی سەر بە پەكەكە دوو شوان دەرفێنن

:: PM:07:18:07/06/2021 ‌

پارتی كرێكارانی كوردستان و گرووپەكانی سەر بەو حزبە لە سنووری ناوچەكانی تیایدان، لە بێزاركردنی خەڵك و سەپاندنی دەسەڵاتیان و شەڕفرۆشتن بە هاووڵاتییان و پێشمەرگە بەردەوامن، سەرچاوەیەكی ئاگەداری تەناهی ئاماژە دەكات كە گرووپێكی سەر بە پەكەكە  دوو شوانیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا گرتووە.
بەر لە گرتنیان لەلایەن چەكدارانی یەپەشەوە، پێوەندی تەلەفۆنیان بە كەسوكاریان كردووە
سەرچاوەكە بە "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە، یەكینەكانی پاراستنی شنگال، دوو شوانیان گرتووە كاتێك لە نزیك بارەگایەكی ئەوان لە نزیك سنوورەكانی سووریا لە شارۆكەی شنگال بوونە، بەر لە گرتنیان لەلایەن چەكدارانی یەپەشەوە، پێوەندی تەلەفۆنیان بە كەسوكاریان كردووە و پێیان راگەیاندوون كە لایەن ئەو هێزەوە گیراون. دوای ئەوە پێوەندییە مۆبایلەكانیان داخراوە.

لە ماوەی دواییدا هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو ناوچانەی تیایدا هەن، گوشاریان خستووەتە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاووڵاتییان و گوندنیشنان، ئەوان جیا لەو داگیركارییەی دەیكەن و دەستی توركیا بۆ لەشكركێشی لەناو خاكی هەرێم رادەكێشن، ددان بەو شەرعیەتی حكوومەتی هەرێم دانانێن و هەوڵی لاوازكردنی دەدەن.

جیا لەوەی بەمدواییە لە چیای مەتین پۆلێك پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كرد، لە شنگال دژی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئێزیدی وەستاون، ئەوان رێگە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەكە بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان نادەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل