قاسم شەشۆ: پەكەكە بۆ كاری قاچاخچێتی و تێكدانی شنگال ھاتووە

:: PM:12:59:08/06/2021 ‌
فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگەی ئاشكرای كرد، پەكەكە بۆ دوو مەبەست ھاتووە بۆ شنگال، ئەوانیش ئەنجامدانی كاری قاچاخچێتی لەسەر سنوور بۆ كۆكردنەوەی پارە و تێكدانی دۆخی شنگال و دژایەتیكردنی كوردانی ئێزیدی.

قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال بۆ "وشە" گوتی، پەكەكە ھاتوون بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دۆخی ھەرێم تێكبدەن و بەردەوامن لەكاری خراپ، ھەر شوێنێك بتوانن پێی بگەن تێكی دەدەن، چونكە ئەوانە بەكرێگیراون و ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكەن.

چەكدارانی پەكەكە ھەڵساون بە رفاندنی دوو پێشمەرگەی ئێمە


ئەو روونی كردەوە "دوێنێ بێ ئەوەی ھیچ كارێكمان كردبێت، چەكدارانی پەكەكە ھەڵساون بە رفاندنی دوو پێشمەرگەی ئێمە، بۆیە ئەوانە ھیچ بەھایەكی ئەخلاقیان لانییە و ھەموو پێشێلكارییەك ئەنجام دەدەن."

بە گوتەی قاسم شەشۆ، ئەوانە كە ھاتوون بۆ شنگال بۆ دوو مەبەست ھاتوون، یەكەم تێكدانی دۆخی شنگال و وێرانكردنی شارۆكەكە، دواتر كێشە دروستكردن بۆ خەڵكی ئێزیدی، مەبەستی دووەمیش كۆكردنەوەی پارە، بۆیە لەسەر سنووری كاری بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەر و ھێنانی كەلوپەلی قاچاخ لە سووریا بۆ ناو عێراق دەكەن.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان