لە چەند ناوچەیەكی گەرمەسێر جۆرێكی نوێی قاچاخ دەستی پێ كردووە، شوێنی پێشتری بارەكان بەناوی مەرزی جیاواز و پسوولەی ئامادە هاوردە دەكرێ و دەبرێتە چەندان ناوچەی عێراق و هەرێمی كوردستان.
محەمەد سەعید یەكێك لە نوێنەرانی شۆفێران، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو بارانەی كە قاچاخن بازاڕیان لە بارە یاساییەكان گەرمترە، چی لە مەرزی پەروێزخان بێت یان مونزرییە.
ئەوەشی دركاند، بارەكانی پەروێزخان بەناوی باری هاتووی مەرزی مونزرییەوە دەهێنرێن، پاش ئەوە رێڕەوی بارەكان لە گوندی سەوزبڵاخەوە بۆ خانەقین دەگۆڕێت و پاشان دەهێنرێنە گەرمیانەوە .
قاچاخچییان زۆر رێ بۆ هێنانی باری قاچاخ تاقی دەكەنەوە.
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری گەرمیان لەو ئەنجوومەنە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، قاچاخچییان زۆر رێ بۆ هێنانی باری قاچاخ تاقی دەكەنەوە. بوونی مەرزی جیای نێوان گەرمیان و خانەقین و چەند ڕێیەكی جیاواز كە مونزرییە و پەروێزخان بە یەكتر گرێ دەدات، لەلایەن قاچاخچییان بەكار دەهێنرێت.
جێگری پارێزگای دیالەش پێداگری لەوە كردووە، چەندان بەرپرس سوودیان لە تێكەڵی كارگێڕی و نزیكی مەرزەكان وەرگرتووە. جگەلەمە دۆخی هەستیاری پێش هەڵبژاردن و خراپی دۆخی تەناهی و دەستوەردانی بەرپرسانی عێراق لە گەرمیان، رێی بۆ بەردەوامی ئەو سەرپێچییانە خۆش كردووە .
گەرمیان / سەبری هۆرێنی