هاووڵاتییانی شارۆكەی خانەقین، یەكێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە، ئاماژە دەكەن كە زۆرینەی رەهای بەپرسانی ناوچەكە و حكوومەتی دیالە و پەرلەمان، لە پشكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام لە بەرانبەر بڕینی كارەباكەیان لەلایەن ئێرانەوە داكۆكیان لێ ناكەن.
سەلام باجەلان، خۆپێشاندەرێكی خانەقین، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، جێگری پارێزگاری دیالە كوردە و لە پشكی یەكێتییە، هەروەها یەك پەرلەمانتاریان هەیە و ئەویش یەكێتییە، سەرباری قایمقامی شارۆكەكەیان، بەڵام هیچان بۆ نەكردوون و داكۆكی لە ناوچەكە ناكەن، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما بۆ 50 بەرز بوووەتەوە، كەچی یەك بەرپرسی یەكێتی نەهاتووە لە خەمی هاووڵاتییان بكۆڵێتەوە.
قایمقامی خانەقین بەرەو شوینێكی نادیار هەڵاتووە
ئەیاد حەسەن، خۆپێشاندەرێكی تر كە چووەتە بەردەم قایمقامیەتی شارۆكەی خانەقین، باسی لەوە كرد، لەپاش چادرهەڵدانی ئەوان، كە ویستوویانە بچنە ناو قایمقامیەتەوە، بۆیان دەركەوتووە، قایمقام لە باڵەخانەكە نەماوە و بەرەو شوینێكی نادیار هەڵاتووە.
"وشە" و چەند میدیایەكی تر هەوڵی زانینی شوێن و وەرگرتنی لێدوانیان لە دلێر حەسەن سایە، قایمقامی خانەقین دا، بەڵام مۆبایلەكەی داخرا بوو و شوێنی ئاشكرا نەبوو. هەر لەو بارەوە یووسف ئیبراهیم، گوتەبێژی قایمقامیەتی خانەقین كێشەی بڕینی كارەبای بە كێشەی هەموو پارێزگای دیالە ناو برد و هیچ زانیارییەكیشی لەبارەی قایمقامەوە رانەگەیاند.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی