دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە تا ئێستە، هەڵمەتی سووتاندنی باخەكانی خورما لە شارۆكەی خانەقینی ناسراو بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامە، ئەم ساڵ زیاتر لە 200 دۆنم زەوی خورما سووتَنراوە و زەوییەكانیان كراوەتە شوێنی نیشتەجێبوون.
ساڵح حەسەن، جووتیارێكی دێرینی شارۆكەی خانەقین، بۆ"وشە"ئاماژەی دا، بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، باخی خورما لە خانەقین بەتەواوەتی كەم بووتەوە و بەردەوام دەسووتێندرێن و شوێنەكانیان دەكرێ بە یەكەی نیشەجێبوون و پڕۆژەی بازرگانی.
چیتر خانەقین شارۆكەیەك نییە لەناو باخەكاندا
نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بۆ"وشە" ئاماژەی دا، كەسانی دیاریكراو دەستنیشان نەكراون بۆ ئەوەی لەسەر سووتانی دارخورماكانی خانەقین بگیرێن، سەرباری ئەوەی گلەیی و گازاندە هەبووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خانەقین تایبەت بە "وشە" دراوە و عامر محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە دووپاتی لی كردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی ئەم ساڵدا زیاتر لە 200 دۆنم باخی تایبەت بە خورما لە خانەقین سووتاون.
كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەی كشتوكاڵی خانەقین، سەر بە هەرێمی كوردستان، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، زەوی باخەكان دەكرێن بە شوێنی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بازرگانی، كاتێك لە دیالەوە رەزامەندی بۆ شوێنەكانیان وەردەگیرێت، چونكە ماوەی چەند ساڵێكە و دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان نەماوە رێگە لە گۆڕینی رەگەزی زەوییە كشتوكاڵیییەكان بگرین.
ئەوەی لەو شارۆكەیە روو دەدات وای كردووە بەساڵاچووانی خانەقین هەمیشە دووپات لەوە بكەنەوە كە خانەقین ساڵانی پێشتر شارۆكەیەك بوو لەناو باخ، بەڵام ئێستە و چیتر ئەوە نامێنێت.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی