پەكەكە لە شنگال بە پارەی حەشدی شەعبی دەنگ كۆ دەكاتەوە

:: PM:01:03:25/07/2021 ‌
پەكەكە ھاوشێوەی حزبەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە و لەرێی پارەوە دەیانەوێ خەڵك بۆ خۆیان رابكێشن. تا ئێستە مووچەیان بۆ چوار ھەزار كەس بڕیوەتەوە  كە لەلایەن حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی دابین دەكرێت.

سەعدوون زەرۆ بەرپرسی ڕاگەیاندنی ماڵی ئێزیدی لە شنگال، بۆ "وشە" گوتی، پەكەكە ھاوشێوەی حزبەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، كاندیدیان بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە، كە كەسێكە بەناوی شێخ سمێ و بەردەوام خەڵكی بۆ كۆ دەكەنەوە و بانگەشەی بۆ دەكەن، حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبیش لەڕووی مادییەوە پشتگیری لە پەكەكە دەكەن.

ئەو روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی پارە دەدەن بە پەكەكە بۆ ئەوەی خەڵك لەو رێیەوە بۆ خۆیان رابكێشن، دەنگ بە كاندیدی ئەوان بدەن و تا ئێستە لەو پارەی حكوومەت و حەشدی شەعبی داویەتی بە پەكەكە، چوار ھەزار كەس مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە بەتایبەت لە ناوچەی بارێ لە سنووری شارۆكەی شنگال.

حەشدی شەعبی 400 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی بۆ چەكدارانی پەكەكە لە شنگال كڕیوە


زەرۆ باسی لەوەش كرد، حەشدی شەعبی 400 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی بۆ چەكدارانی پەكەكە لە شنگال كڕیوە، بە ھەموو شێوەیەك پشتگیریان دەكات، بە جۆرێك ئێستە پەكەكە لە شنگال دەسەڵاتدارە.
 
وەك بەرپرسی ڕاگەیاندنی ماڵی ئێزیدییان لە شنگال خستیەڕوو، لە بەرانبەر ئەو كارەی حەشدی شەعبی بۆ پەكەكە دەیكات، ھەموو فەرمانەكانی ئەوان جێبەجێ دەكەن و نەوتی خاویشیان لە سووریا بۆ ھاوردە دەكەن قاچاخیان پێ دەكەن، بۆیە پەكەكە و حەشدی شەعبی پێكەوە كار دەكەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەوانە، لە شنگال دەیكەن و بە هیچ شێوەیەك گوێ بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی شنگال نادەن.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان