رێژەی هەژاری و بێكاری لە خانەقین لە هەڵكشانە

:: PM:08:24:03/08/2021 ‌

لە دوو ساڵی دواییدا تەواوی دنیا رووبەڕووی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنا بووەوە، وایان كرد هەژاری و بێكاری زیاد ببێ و مرۆڤایەتی تووشی تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووری و برسیەتی ببێتەوە، شارۆكەی خانەقین، وەك ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەژاری و بێكاری گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
هۆكارێكی گۆڕینی كەرتی خزمەتگوزاری گشتییە بۆ كەرتی تایبەتی سەر بە حزبەكان
سەلام عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی كاری هەرەوەزی لە خانەقین دەڵێت، رێژەی هەژاری لە شارۆكەكە بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 40% وەك تێكڕا، ئەوەیش بەهۆی نەبوونی هەلی دامەزراندن و بێكاری و نەبوونی بودجەی خزمەتگوزاری تەرخانكراو بۆ ناوچەكە و پەككەوتنی كەرتی تایبەت.

عەبدوڵا هۆكاری كێشەی هەژاری و بێكاری لە خانەقین و ناوچەكانیتری بۆ لاوازبوونی هەلی كار لە كەرتی گشتی و تایبەت لە رێگەی وەستانی پڕۆژەكان و مەرجە قورسەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی گەڕاندەوە، جیا لە گۆڕینی كەرتی خزمەتگوزاری گشتی بۆ كەرتی تایبەتی سەر بە نووسینگەی حزبە سیاسییەكانەوە.

دووپاتی كردەوە، ئێستە كەرتی خزمەتگوزاری لەنێوان حزبەكانەوە دابەش كراوە، بەوەیش كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر دۆخی بژێوی و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری عێراق، بەتایبەتی شارۆكەی خانەقین، ئەو داوای كرد بەوەی پێویستە سیاسەتی حكوومەتی وا پێڕەو بكرێ چارەسەری كێشەكانی كەرتی خزمەتگوزاری بكات، بەو بەتایبەتكردنەی بووەتە بارێكی تر بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل