لە ساڵوەگەڕیی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان لە شارۆكەی شنگال و دەوروبەری، بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال و چوونەدەرەوەی چەكدارانی پەكەكە و میلیشیا شیعەكان لە ناوچەكە، كوردانی ئێزیدی لە دۆخێكی خراپدان و جارێكی تر رووبەرووی ئاواربوون بوونەتەوە.
كابینەی نۆ لە گەیاندنی دەنگی ستەملێكراویی ئێزیدییەكان و كردنی بە پرسێكی نێودەوڵەتی رژد بووە
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری پێشوو و داكۆكیكاری سەرسەختی دۆسیەی ئێزیدییەكان، كە هاوكات گوتەبێژی بارەگای بارزانییە، بە "وشە"ی راگەیاند، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گەیاندنی دەنگی ستەملێكراویی ئێزیدییەكان بە رای گشتی و وڵاتانی دنیا و كردنی بە پرسێكی نێودەوڵەتی رژد بووە.
دەخیل نیگەرانی خۆی پێشان دا لە ئاوڕنەدانەوەی حكوومەتی ناوەند لە ناوچەی شنگال و پرسی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، سەرباری جێبەجێنەكردنی بڕیاری حكوومەتەكە خۆی، كە تا ئێستە نەیتوانیوە پەكەكە لە ناوچەكە دەربكات، جیا لەوەیش قەربوونەكردنەوەی ئێزیدییەكان نیگەرانی كردووین.
لای خۆیەوە شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی داكۆكی لە ماف و قوربانیانی ئەنفال لە گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێزیدییەكان لەسەر دەستی گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی لە دنیا جینۆساید كران، بۆیە پێویستە وڵاتان و حكوومەتی ناوەندیش لەسەری بێنە دەنگ و داكۆكی لێ بكەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی داكۆكی لە قوربانیانی ئەنفال نیگەرانی خۆی پێشان دا بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە نامۆیەكانی ناوچەكە، بۆیە خەڵك لە دۆخێكی خراپدایە و دیسان ئاوارە و رووبەڕووی جینۆساید دەبنەوە و هەرچی زووە دەبێ ئێزیدییەكان لە بەجینۆسایدكردنی بەردەوام رزگار بكرێن.
لەسەر هەمان پرس جەوهەر شوكر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، بە"وشە"ی گوت، شنگال هاوشێوەی ئەنفالی بارزان و گەرمیان و كیمیابارانی هەڵەبجە، بووەتە هێمای مەزلوومیەتی نەتەوەی كورد، بۆیە دەبێ هەوڵەكانی حكوومەتی ناوەند و هەرێم بۆ باشكردنی ژیانی خەڵكەكەی و سڕینەوەی ئاسەواری جینۆساید چڕ بكرێتەوە .
دووپاتی كردەوە، پرسی ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان دەبێتە كەرەستەیەكی تری ناساندنی كورد لە دنیا لەسەر دەستی رێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانیدا .
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی