بەرپرسی نووسینگەی فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە پارێزگای دهۆك رای گەیاند كە گەڕانەوەی ئاوارەكان لە شنگالەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستە 900 كەس گەراونەتەوە و پرۆسەكەیش بەردەوامە.
مەنال محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك بۆ "وشە" گوتی، گەڕانەوەی ئاوارەكانی كوردی ئێزیدی لە شارۆكەی شنگالەوە بۆ كەمپەكان لە سنووری پارێزگەی دهۆك بەردەوامە، هەموو چوارشەمەیەك دێن ناویان تۆمار دەكەن بۆ گەرانەوە.
تا ئێستە نزیكەی 900 كەس ئاوارەبوونەتەوە
روونی كردەوە، خەڵكێكی زۆر داوای گەڕانەوە دەكەن و تا ئێستە نزیكەی 900 كەس ئاوارەبوونەتەوە، واتە پێشتر گەرابوونەوە شنگال، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسایش و بوونی هێزی ناشەرعی وای كرد دووبارە ئاوارە ببنەوە .
ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی قەیرانەكان زیاتر گوتی، ئەوە تەنیا ئەوانەن كە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، زۆركەسیش لە دەرەوەی كەمپەكان نیشتەجێ دەبن و خۆیان تۆمار ناكەن، ئەوانیش ژمارەیان زۆرە، بەڵام بەهۆی خۆتۆمارنەكردنیان نازانین ژمارەیان چەندە. دووپاتی كردەوە، ئەوانەی لای ئێمە خۆیان تۆمار دەكەن، شوێنیان بۆ دیاری دەكرێ و پێداویستی سەرەكییان بۆ دابین دەكرێ و بە جوانترین شێوە پێشوازیان لێ دەكرێت.
بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال، 360 هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بەم دواییانە 15 هەزاریان گەڕانەوە شنگال، بەڵام بەهۆی بێئومێدبوونیان لە چارەسەركردنی كێشەكانیان، جارێكی تر ئاوارەی هەرێم دەبنەوە.
دهۆك/ بڵند ئیبراهیم