بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزیدییان لە شنگال ئاشكرای كرد، پەكەكە دەستی بە ھەڕەشە كردووە لە خەڵكی شنگال و لەم رێیەوە دەیەوێ دەنگ بۆ كاندیدەكانی كۆ بكاتەوە.
سەعدوون زەرۆ بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزیدییان لە شنگال، بۆ "وشە" گوتی، پەكەكە بەھاوبەشی لەگەڵ حەشدی شەعبی، كاندیدی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە، ئێستە دەستیان كردووە بە ھەڕەشەكردن و فشار خستنەسەر خەڵكی شنگال.
ئەو روونی كردەوە، پەكەكە خەڵك دەبەن بۆ لای فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی كە لەگەڵ پەكەكەدایە، داوایان لێ دەكەن كارتی دەنگدانیان پێشان بدات و بەڵێن بدەن كە دەنگ بەوان بدەن، ئەگەر نا دواتر كێشەیان بۆ دروست دەكرێ و مووچەكانیان دەبڕن.
چەكدارانی پەكەكە سوودیان لە ھەژاریی خەڵك وەرگرتووە، باس لەوە دەكەن دەنگیان پێ بدەن و مووچەیان بۆ دەبڕنەوە
بەگوتەی سەعدوون زەرۆ، چەكدارانی پەكەكە سوودیان لە ھەژاریی خەڵك وەرگرتووە، باس لەوە دەكەن دەنگیان پێ بدەن و مووچەیان بۆ دەبڕنەوە، چونكە دەزانن خەڵك ھەژارە و پێویستی بە پارە ھەیە، بۆیە خەڵك لە خشتە دەبەن بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن، چونكە دەزانن خەڵك ئەوانیان خۆش ناوێ و دەزانن ھۆكاری خراپی دۆخی شنگال، پەكەكەیە.
" پەكەكە خەڵكی چاوترسێن كردووە و هەر ئەمەش رەنگە كاریگەریی ھەبێت، ئەو بەڵێنانەش كە بەخەڵكی دەدەن، راست نین و تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنە." سەعدون زەرۆ وای گوت.
هەولێر/بڵند ئیبراھیم