نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتی بانگەشەی حزبەكەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند، شنگال و مووسڵ، نموونەی جوانی پێكەوەژیانن و پێویستە ئەو پێكەوەییە بپارێزرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم سێی تشرینی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتی بانگەشەی حزبەكەی لە سنووری نەینەوا ڕای گەیاند، پێویستە ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە و شنگالییەكان خۆیان حوكمی خۆیان بكەن.
زیاتر گوتی، دیدارم لەگەڵ دانیشتووانی سنووری شنگال و مووسڵ بۆ من زۆر تایبەت بوو، چونكە ئێوە نوێنەرایەتیی دەڤەرێكی زۆر رەنگینی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی دەكەن.
زیاتر گوتی كورد و عەرەب، شەبەك، ئاشووری، سریان، كلدان، توركمان، مسوڵمان، ئێزیدی، كریستیان، كاكەیی، سوننە و شیعە پێكەوە لەو سنوورە هەن و پێكەوە دەژین، ئەوە ئەو تابلۆ جوان و رەنگینەی پێكەوەژیانە لە كوردستان، لە پارتی و ئێوە پیرۆز بێت. ئەوە دەوڵەمەندییەكی زۆر گەورە و بەهادارە، جێی شانازی و رێز و پێزانینی ئێمە و دنیایشە.
باسی لەوەش كرد، لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی دنیاش باس لە كێشەكانی سنووری شنگال و مووسڵ كراوە، ئەوەیش بزانن هەرگیز ئێوەمان لە بیر نەكردووە و بەردەوام لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بووینە.
ڕوونی كردەوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا، بەشێكی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی لەناو مووسڵ و دەوروبەریدا بوون و نەیاندەتوانی دەنگ بدەن، بەشێكیش كە ئاوارە بوون لە سنووری پارێزگای دهۆك، دەنگەكانیان سووتێنران، بەڵام ئەمجارە پارتی هەم لەناو مووسڵ بانگەشەی خۆی دەكات، هەم رێكارەكانی كۆمیسیۆن بەشێوەیەكە كە ئاوارەكان دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن و دەنگەكانیان وەك جاری پێشوو نەسووتێنرێت.
"راستە لەبەر كۆرۆنا لەمێژە یەكترمان نەبینیوە، بەڵام بڕوا بكەن هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ئەو سنوورە بە تایبەتی كۆمەڵكوژیی شنگال، خوشك و دایك و برایانی رفێنراوی رزگار نەكراو، وێرانی دەڤەری شنگال، رەوشی دەشتی نەینەوا و مووسڵ، بەردەوام بەشێك بووە لە گوتوبێژەكانی ئێمە لە كوردستان و لەگەڵ بەرپرس و سەركردە جیهانییەكاندا باس كراوە"، نێچیرڤان بارزانی وای گوت.