پەكەكە لە شنگال بە تەواوی دەستی لەگەڵ حەشد تێكەڵ كردووە و مووچە و پێداویستی و پشتیوانی لە حەشد وەردەگرێ. پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێ، پەكەكە لەسەر شنگال دەخوات، بەڵام رێ نادات خەڵكی رەسەنی شارۆكەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، پەكەكە هۆكاری ئاوەدان نەكردنەوەی چەندان ناوچەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی تشرینی یەكەم، سارا دڵشاد چاوشلی ئەندامی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان نایاسایی و نادەستووییە، هەرێمی كوردستان نابێت هەرگیز بكرێتە مینبەریك بۆ هێرشكردنەسەر هیچ لایەنەێك، هەموومان بارودۆخی كوردستان دەبینین، لە چەندان لاوە هەڕەشەی لەسەرە، پێویستە هێزە سیاسییەكانی پارچەكانی تر بەردەوام پشتیوانی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بكەن، نەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی بیانوو بدەنە دەست وڵاتانی دراوسێ كە هێرش بكەن.
ئەو گوتی، پەكەكە لە شنگال هاوپەیمانیی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە و مووچە و پێداویستی و پشتیوانی لەوان وەردەگرێت، بەڵام ناهێڵێت خەڵكی رەسەنی شنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتنیان بۆ ئاساییكردنەوەی شنگال كردووە، هەموو وڵاتانی دنیا پشتیوانییان لەو رێككەوتنە كردووە، بە ئاسایبوونەوەی بارودۆخی سەربازی و نەهێشتنی دیاردەی سەربازی لەو ناوچەیە، وڵاتانی دنیا بەشداری دەكەن لە ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەكە، فڕەنسا و ئەمەریكا و بەریتانیا چەندان جار داوایان كردووە كە دەیانەوێ هاوبەشی بكەن لە ئاوەدانكردنەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات كە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، بەڵام پەكەكە بە پێچەوانەی خواستی خەڵكی شنگال و بەرژەوەندیی ئەو ناوچانە دەجووڵێتەوە، دەستوەردان لە بابەتێك دەكات كە هیچ پێوەندییەكی بەوان نییە.
پەكەكە هۆكارێكە بۆ ئاوەدان نەكردنەوەی هەزاران گوند
"لە ناوچە سنوورییەكان، پەكەكە هۆكارێكە بۆ ئاوەدان نەكردنەوەی هەزاران گوند، ئەوەش جگە لەوەی زیانی لە خەڵكی ئەو گوندانە داوە و خاك و ئاویان داگیر كراوە، گورزێكی بەهێزیشی لە ئابووری كوردستان داوە و رێگری دەكات لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو گوندانە، ئەوەش پێچەوانەی هەموو جۆرە بنەمایەكی مرۆیی و دراوسێیەتی و دۆستایەتی و برایەتییە، لەبری هاوكاری، پەكەكە لەو ناوچانە دادگای داناوە و لەجیاتی حكوومەت و دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەكان، بڕیار دەدات و خەڵك سزا دەدات و گرتووخانەی هەیە، ئەوەش پێچەوانەی هەموو بنەمایەكی مرۆیی و یاسایی و بنەمای میوانداریكردنە، جگە لەوەش سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت و گومرگ و بازگەی سەربازی دادەنێت و رێگری لە هاتوچۆی خەڵك و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانە دەكات،" دڵشاد چاوشلی وای گوت.
ئەو بە پێویستی دەزانێ پەكەكە بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر نەبێتە هۆكاری سەرئێشە و هێنانی دەستی وڵاتان بۆ كوردستان، ئەركی سەرشانی هەموو پێكهاتە و خەڵكی بەشەكانی تری كوردستانە كە هاوكاری و پشتیوانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بن، نەبنە هۆكارێك بۆ پەلكێشكردنی هێز و شەڕ و ناكۆكییەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان، پێویستە ئەوان لەبری ئاژاوەنانەوە، هاوكاری خەڵك بكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك قبووڵ بكرێت كە هەرێمی كوردستان بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی وڵاتان و هێزە ناكۆكەكان.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی