سەرەڕای پێوەندی توندوتۆڵی نێوان میلیشیاكان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەتایبەتی لە سەروبەندی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بووە هۆی لەدەستدانی زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێستە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ئەو میلیشیایانە دەست لە بانگەشە و كاندیدانی یەكێتیش ناپارێزن، بەتایبەتی لە شارەدێی جەلەولا.
سەرچاوەیەك لە رێكخستنەكانی یەكێتی گوتی، دوو لە كادرەكانمان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە رووبەڕووی هەڕەشە هاتوونەتەوە، ئەوەیش وای كردووە یەكێكیان تووشی جەلتەی مێشك ببێتەوە و ئێستە لە دۆخێكی خراپدایە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی فەرامۆشكردنی كورد و تیرۆری سیاسی و هەڵبژاردنی رێكخراو لە جەلەولا.
كورد لە جەلەولا و ناوچەكانی سنووری مادەی 140 لە دیالە، وەك پێكهاتەیەكی قەدەغەكراو وایە
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، ئێستە لەو شارەدێیە هیچ پۆستەرێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی و كاندیدە كوردەكان بە گشتی نییە، لە هەڵمەتێكی پێشێلكاریی گەورەی مافی هەڵبژاردن و سیاسی، ئاماژەی كرد، مەترسی هەڕەشە و پاكتاوكردن گیانی بانگەشەی كوردی لە جەلەولا نەهێشتووە، ئەوە سەرەڕای سكاڵا و داواكاری زۆر لە لایەنی بەرانبەر. بۆیە كورد لە جەلەولا و ناوچەكانی سنووری مادەی 140 لە دیالە، وەك پێكهاتەیەكی قەدەغەكراو وایە.
ئەوە لەو كاتەی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ لەبارەی هەڵمەتەكانی حزبەكەی لە ناوچە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی مادەی 140 گوتی، سەرەڕای كێشەكانی سەركوتكاری سیاسی كە هەندێك لایەن پێڕەوی دەكەن، هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە ناوچەكانی گەرمیان و دیالە و خورماتوو، پاڵپشتییەكی فرەوانی هەیە.
زیاتر گوتی، دوای روونبوونەوەی جێگیریی سیاسەتە نیشتمانییەكانی بەرگریكار لە مافی هەموو پێكهاتەكان، دوور لە گیانی نەتەوەیی و تایفی، كۆبوونەوەی جەماوەری لە هەموو پێكهاتەكان لە دەوری پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، ئەوەیش دەروازەیەكی فرەوانە بۆ گەڕانەوەی سیاسییانەی بۆ ناوچەكانی سنووری مادەی 140 و چەكێكی كاریگەریشە بۆ چوونە ناو هەڵبژاردن، بەر لە ماوەیەكی كەم لە گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەو ناوچانە پێش كۆتایی ئەمساڵ، بەپێی رێككەوتنی سازكراو لەگەڵ حكوومەت و لایەنە سیاسییە پێوەندیدارەكان.