یەكشەمی داهاتوو دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عێراق بەڕێوە دەچێت، جیاواز لە هەموو ناوچەكانی تر، شنگال و دەوروبەری دۆخێكی تایبەتیان هەیە، كاتێك لە ژێر دەسەڵاتی گرووپێكی ناعێراقی و دوور لە خواستی خەڵكەكەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، فەرماندەیەكی سەربازی لەو دەڤەرە مەترسی خۆی لە بوونی كاریگەریی پەكەكە بۆ سەر خواستی دەنگدەران پێشان دەدات.
پەكەكە دوو كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق هەیە، بەڵام چانسیان لاوازە لە بەدەس
تهێنانی كورسی
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی ئێزیدخانی پێشمەرگە لە شنگال گوتی، رەنگە خەڵكی ناوچەكانی نزیك لە دەسەڵاتی هێزەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال بكەونە ژێر كاریگەری و گوشاری ئەو هێزە، ئەوەیش بۆ گۆڕینی خواستی دەنگدەران، وەك لە ناوچەی خانە سوور.
روونی كردەوە، لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشێلكاری لە شنگال رووی دا، ئەوكاتەی هێزەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی رێگریان لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ چوونە ناو شنگال، جیا لە دڕاندنی وێنەیان لە شارۆكەكە، هاوكات پەكەكە كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە و پاڵپشتی لە یەكێكی تریش دەكات، بەڵام چانسی ئەوان لاوازە لە بەدەستهێنانی كورسی لە پەرلەمان.
د. ماجد شنگالی، كە كاندیدێكی پارتییە لەسەر بازنەی شنگال و یەكشەمی رابردوو لەلایەن پەكەكەوە رێگری لە چوونی بۆ شنگال كرابوو گوتی، داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەین بۆ كردنەوەی ناوەندی دەنگدان بۆ شنگالییەكان لە ناوچەی تری مووسڵ و هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بۆ رێگرتن لە بێبەشبوونی زیاتر لە 50 هەزار دەنگدەر، ئەگەر كارەكان بەو شێوەی ئێستە بەڕێوە بچێت، واتە ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی گرووپەكانی سەر بە پەكەكە بمێنێتەوە.