ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، وەك لە ئامارە سەرەتاییەكان دیارە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی زۆر باشیان لە هەموو ناوچەكان دەستەبەر كردووە، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاماژە دەكات، ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە زیادبوونە و رەنگە تا 30 كورسی بڕوات.
لە دەشتی نەینەوا پێشبینی دوو بۆ سێ كورسی و لە مەخمووریش دوو كورسی تر دەكەین
موزاحم حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە ئەنجامەكانی پارێزگای نەینەوا دەرنەچووە، بەڵام ئەوەی شنگال دەركەوتووە بە یەكلابوونەوە و بردنەوەی سێ كورسی بۆ پارتی و لە رۆژئاوای دیجلە لە شارەدێی زومار كاندیدی پارتی لەوێش سەركەوتوو بووە.
زیاتر گوتی، ئێستە چاوەڕوانی ئەنجامی ناوچەكانی تر دەكەین لە دەشتی نەوینەوا و مەخموور و كەركووك و خانەقین و مەندەلی و سەعدییە، ئەمڕۆ جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان خۆیان سەلماند، بۆیە پێشبینی دەكەین ژمارەی كوردسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوەی پێشوو زیاتر دەبێت، كە پێشتر 25 كورسی هەبووە و پێشبینی دەكەین بگاتە 30 یان 32 كورسی.
ئەو گوتەبێژەی هۆزە عەرەبییەكان روونی كردەوە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا، لە رۆژئاوای دجلە و شنگال چوار كورسی مسۆگەر كردووە، هەرچی ناوچەكانی ترە، لە دەشتی نەینەوا پێشبینی دوو بۆ سێ كورسی بۆ پارتی دەكەین، لە مەخمووریش دوو كورسی، ئەوانەیش كۆمسیۆن یەكلایان دەكاتەوە.