كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال پێی وایە، خەڵكی شنگال بە دەنگدان بە پارتی و كاندیدەكانی، وەڵامی ھێزی ناشەرعییان دایەوە كە ئەوانیان ناوێت، بۆیە كار دەكەن بۆ ئەوەی زووترین كات خەڵكی شنگال بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵیان.
مەحما خەلیل قایمقامی شنگال و كاندیدی سەركەوتووی پارتی لە شنگال، بۆ "وشە" گوتی، ھەمیشە خەڵكی شنگال متمانەیان بەپارتی ھەیە و ئەو متمانەیەش وەڵامێكە بۆ ھێزە ناشەرعییەكان و ناتوانن لە شنگال بن، چونكە شنگالییەكان رێز لە یاسا و پێكەوەژیان دەگرن، ئەمەش لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالدا پێویستە جێبەجێ بكرێت. چیتر ئەو ھێزانە جێیان لە شنگال نابێتەوە و حكوومەتی داھاتووش بە رژدی كار لەسەر ئەوە بكات، بۆ ئەوەی ساڕێژی برینی شنگالییەكان بكرێت.
چینە بەغدا پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكەین
ئەو گوتی، "بچینە بەغدا پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكەین. نابێ ھێزی ناشەرعی بمێنێت، دەبێ خەڵك بگەڕێتەوە و قەرەبووی خەڵك بكرێتەوە و پێكەوەژیان وەك پێشتر ھەبێت، ئەوانەی چارەنووسیان دیار نییە، بدۆزرێنەوە و دەرفەتی كار بڕەخسێت."
وەك زیاتر خستیەڕوو، كاندیدی كۆتای ئێزیدیش لە حزبی پێشكەوتنە كە نزیكە لە پارتی و پێوەندییان لەگەڵی باشە، لەبەرئەوەی كاندیدی پەكەكە لە شنگال شكستی ھێنا و سەرنەكەوت، دەسەلمێنرێ خەڵكی شنگال پەكەكەیان ناوێت .
لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا
رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 32 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.
هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.
هەولێر/بڵند ئیبراھیم