سه‌رۆك بارزانی له په‌یامێكدا سوپاس و ده‌ستخۆشی له جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا كرد، كه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌ڵامی هه‌ڵوێست و قوربانیدانی پارتیان دایه‌وه، په‌یامێكی ڕوونیشیان به‌وانه دا كه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه كێیان ده‌وێ و چی‌یان ده‌وێت.
سه‌رۆك بارزانی له په‌یامه‌كه ئاماژه‌ی داوه، به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا و ده‌ڤه‌ری شنگال، پیرۆزبایی له ئه‌ندام و لایه‌نگران و ڕێكخستنه‌كانی لقی 17 و لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشی ماندووبوون و پابه‌ندبوونیان لێ ده‌كه‌م، كه بوونه هۆی سه‌رخستنی پارتی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
ئاماژه‌ی داوه، سوپاس و پێزانینی تایبه‌تم هه‌یه بۆ خۆڕاگری جه‌ماوه‌ری ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ده‌ڤه‌ری شنگال و خوشك و برا ئێزیدییه‌كان و پێكهاته‌كانی تر كه وه‌ڵامی هه‌ڵوێست و قوربانیدانی پارتیان دایه‌وه و په‌یامێكی ڕوون و ئاشكراشیان دا به هه‌موو لایه‌ك كه ئه‌وان كێیان ده‌وێت و چی‌یان ده‌وێت.
سه‌رۆك بارزانی هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه پارتی له‌گه‌ڵ كۆتاییهێنانی ئازار و نه‌هامه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه دایه و وه‌ك هه‌میشه پاڵپشت و پارێزه‌ری ماف و ژیان و سه‌ربازییان ده‌مێنێته‌وه.
جێی باسه پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق توانی نۆ كورسی له سنووری پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا به‌رێته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو، كه له‌و ناوچانه ته‌نانه‌ت ڕێگری له‌وه كرا، كه پارتی بانگه‌شه‌یشی لێ ئه‌نجام بدات، به گشتیش توانی 33 كورسی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات و ژماره‌ی كورسییه‌كانی به به‌راورد به هه‌ڵبژاردنی 2018 له په‌رله‌مانی عێراق پێنج كورسی زیادی كردووه و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستهێناوه.