وریایی لە دزەكردنی داعش لە رێگەی بۆشاییە سنوورییەكانی شنگال دەدرێت

:: PM:08:15:01/11/2021 ‌

تا ئێستەیش سنوورەكانی عێراق- سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەی شنگال، بەتەواوەتی لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقەوە كۆنترۆل نەكراوە، ئەوەیش وای كردووە كە پەڕینەوەی چەكدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناوچەكە بەردەوام بێت، بەرپرسێكی پارتی لەو دەڤەرە وریایی لەوبارەوە دەدات.

ئاشتی كۆچەر، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، مانەوەی ناوچە سنوورییەكانی عێراق لەگەڵ سووریا لە دەڤەری شنگال بە دەستی حەشدی شەعبی و پارتی كرێكارانی كوردستان، هەڕەشەیە بۆ سەر دۆخی تەناهی عێراق.
پەكەكە مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرێ و رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەتنی شنگال دەكات
زیاتر گوتی، جموجۆڵەكانی دوایی داعش لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق، بەهۆی رێگەدان بووە بە چەكدارانی داعش، كە لەلایەن پەكەكە و رژێمی بەشار ئەسەدەوە لە سووریا ئازاد كراون، بۆ پەڕینەوە بەرەو ناوچە سنوورییەكانی عێراق لە شنگال و باشووری.  

كۆچەر روونی كردەوە، هێزەكانی پەكەكە لە شنگال مووچە لە حەشدی شەعبییەوە وەردەگرن، بۆیە ئەوان رێگا بە گواستنەوەی پاڵپشتی بەرەو سووریا و لبنان دەدەن، دووپاتی كردەوە كە هاوكات پەكەكە و حەشدی شەعبی رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەتنی شنگال دەكەن، كە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرا.

ئێستە شارۆكەی شنگال و دەوروبەری بەدەستی هێزەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبین، لەوكاتەی رێگە لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی دەگرن، كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی دهۆكن، هاوكات لە هەڵبژاردنی دوایی پەرلەمانی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان توانی هەرسێ كورسییەكەی بازنەی شنگال بباتەوە و كاندیدانی بوونە نوێنەری فەرمی ناوچەكە لە پەرلەمانی عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل