مانگی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ساز كرا، لە شنگال كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كورسییەكانی بازنەكەیان بردەوە و كاندیدانی پەكەكە تووشی دۆڕاندنێكی قورس هاتنەوە، ئەوەیش دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانی لەو دەڤەرە بەهێز و دەسەڵاتی پەكەكەی لاواز كرد.
وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "مۆنیتۆر"ی ئەمەریكیدا هاتووە، پارتی هەرسێ كورسییەكەی شنگالی بردەوە، ئەوەیش بووە تەحەدایەك بۆ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال لە شكستهێنان بە هەوڵەكانی پارتی، كە راپۆرتەكە بە هێزی سیاسی فەرمانڕەوای سەرەكیی هەرێمی لەقەڵەم دا.
وەك راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ كردووە، ئێستە گرووپەكانی سەر بە پەكەكە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شنگال دەدەن، بەڵام شرۆڤەكاران پێیان وایە پەكەكە، ئەو پاڵپشتییەی نییە بتوانێ ئەو خواستەی بسەپێنێت، بۆیە هەڵبژاردنەكە ئاڵۆزیی نێوان پارتی و پەكەكەی زیندوو كردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیش كاریگەری گەورەی لەسەر پێشبینییەكان لەبارەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا دەبێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكە چنگی هەولێر و بەغدای بۆ دەركردنی پەكەكە لە شنگال بەهێز كرد
وەهاب غۆسكۆن، مامۆستای یاسا لە زانكۆی دیكل لە دیاربەكر دەڵێت، بردنەوەی پارتی ئەو دەنگۆیانەی لاواز كرد بەوەی پەكەكە لەو ناوچەیەدا زاڵە، ئاماژەیشە بۆ ئەوەی پەكەكە دەسەڵاتێكی زۆر كەمی لە شنگالدا هەیە، ئەو رێكلامەی گرووپەكانی سەر بە پەكەكە دەیانكرد، كاردانەوەی پێچەوانەی لێ كەوتەوە و لە دەنگدانەكە ناسنامەی شنگال دووپات كرایەوە و دەركەوت خەڵكی ناوچەكە تا ئێستەیش متمانەیان بە شەرعیەتی پارتی هەیە.
راپۆرتەكە لە كۆتاییدا گوتی، ئەو بۆچوونەی هەیە ئەوەیە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە چنگی هەولێر و بەغدای بۆ دەركردنی پەكەكە لە شنگال بەهێز كرد، وەك ئەنجامێكی ئەوەیشی هاتووەتە پێش راپۆرتەكە لێدوانێكی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی خستە روو، كە لە دیدارێكی مۆنیتۆر لە 27ی تشرینی یەكەم لە هەولێر داوای جێبەجێكردنی بەپەلەی رێككەوتنی شنگالی كردەوە.