بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال و ئەندامی لیژنەی باڵای ھەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە شنگال گوتی، بڕیارە وەجبەیەكی تری رووفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئێزیدی، بگەڕێنرێنەوە بۆ شنگال، بۆ ئەوەی بەخاك بسپێرێن.
فەلاح حەسەن بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال، بۆ "وشە" گوتی، پشكنینی 41 رووفاتی تر تەواو بووە كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەرھێنراون، ئەنجامی پشكنینەكانیان ئاشكرا بووە و دەركەوتووە خەڵكی گوندی كۆچۆن. بڕیارە ئەوانە بگەڕێنرێنەوە شنگال و بەخاك بسپێرێن.
لە 2019وە گۆڕەكان ھەڵدراونەتەوە و تازە پشكنینیان دەردەچێت
ئەو ئاماژەی دا، دەرچوونی ئەنجامی پشكنینی رووفاتەكان دواكەوت و ھۆكارەكەشی بەغدایە، چونكە لە 2019وە گۆڕەكان ھەڵدراونەتەوە و تازە پشكنینیان دەردەچێت، بڕیار دراوە رووفاتەكان رەوانە بكرێن بۆ ئەوەی بەخاك بسپێرێن.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، رووفاتی 104 ئێزیدی وەك قۆناغی یەكەم گەڕێنرانەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و دوای تەواوبوونی پشكنینی دی ئێن ئەی، لە رێوڕەسمێكی شایستە لە گوندی كۆچۆ بەخاك سپێران.
لە شنگال بەھۆی ھێرشی دڕندانەی داعش، ژمارەیەكی زۆری ئێزیدی لەلایەن داعش رفێنران و بەشێكیان كوژران و بەكۆمەڵ ژێرخاك كران. لە شنگالدا 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەشێكیان ھەڵدراونەتەوە و زۆرینەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیش لە گوندی كۆچۆن.
هەولێر/بڵند ئیبراھیم