دوو قوتابخانەی كوردی لە خانەقین داخران

:: PM:02:50:18/11/2021 ‌
لە خانەقین ژمارەی ئەو قوتابخانانەی كە سیستمی خوێندنیان كوردییە، ساڵ بە ساڵ كەم دەكات و قوتابخانە كوردییەكانیش بۆ عەرەبی دەگۆڕێن، هەر ئەمڕۆیش دوو قوتابخانە داخران.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای دیالە، بە نووسراوێكی فەرمی كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، بڕیاری دا دوو قوتابخانەی كوردی لە شارۆكەی خانەقین دابخرێن.

قوتابخانەكان بریتین لە قوتابخانەی "میدیا" كە لە گوندی شیربەگەیە و ئەوەی تریشیان  قوتابخانەی "ئەلسەماحە"یە كە كەوتووەتە گوندی دەكە، هۆكاری سەرەكیی داخستنی قوتابخانەكان بۆ كەمیی ژمارەی قوتابیان دەگەڕێتەوە.

چوار قوتابخانەی خوێندنی عەرەبیی كردووەتە

داخستنی ئەم  قوتابخانانە لەكاتێكدایە، چوار قوتابخانەی خوێندنی عەرەبیی كردووەتە و قوتابی عەرەب تێیدا دەخوێنن، ئەوانیش بریتین لە قوتابخانەكانی "كانیاو، جوان، ئاشتی، كارزان" .

پرسی تەناهیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هۆكار بووە لەوەی ژمارەی دانیشتووانی كورد لەو ناوچانە بەردەوام كەم بكات، بەشێك لە لایەنە عەرەبییەكانیش بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكان، هانی عەرەب دەدەن لەو ناوچانە نیشتەجێ بن.

گەرمیان/کاروان  کەلاری


وشە - سلێمان تاشان