"حكوومەتی عێراق تاكلایەنە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال هەڵدەداتەوە"

:: PM:07:55:01/12/2021 ‌

بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە حكوومەتی عێراق بێ پرسی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال كردووە، لەكاتێكدا پێویستە گۆڕەكان بە هاوبەشی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەڵبدرێنەوە.

سیروان جەلال ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراقی لە شنگال تاكلایەنە گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵدەداتەوە، ئێستە ئەوەی ناوچەی حەردان هەڵدەداتەوە بێ پرسی وەزارەتی شەهیدان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ، بۆیە بێ ئاگەداری ئێمە ئەو كارە دەكەن، ئەوەیش كارێكی رەوا نییە، چونكە پێویستە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بە هاوبەشی هەردوولا بێت.
راوێژكارێك بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو كارە دانراوە توندڕۆیە و زۆر رقی لە كورد دەبێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان روونی كردەوە، ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندووەتە وەزارەتەكە و ئاگەدارمان كردوونەتەوە، ئەوان باس لەوە دەكەن كە دەزگای شەهید خراوەتە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیران و راوێژكارێكیان داناوە سەرپەرشتی ئەو كارە دەكات.

"ئەو كەسە زۆر توندڕۆیە و زۆر رقی لە كورد دەبێتەوە، بۆیە بێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكرێت، ئەمەیش وای كردووە بێ هەرێمی كوردستان لە شنگال گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵبدەنەوە"، بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وای گوت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل