ئەمڕۆ پێنجشەم دەیان روفاتی شەهیدانی كۆمەڵكوژییەكەی كوردانی ئێزدیدی لەسەر دەستی رێگخراوی تیرۆریستی داعش لە 2014 هێنرایەوە دەڤەری شنگال بۆ بەخاكسپاردنیان، ئەوەیش دوای دیاریكردنی ناسنامەیان لە بەغدا، بەو بۆنەوە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتێكدا دووپاتی لە مافی قەرەبووكردنەوەی ئەو قوربانیانە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و لێپرسینەوە لە تیرۆریستان كردەوە.
لە 2014 دەڤەری شنگال كەوتە بەر هێرشی قێزەوەنی دڕندانەترین بزاوی توندڕۆ و تیرۆریستی، كە رێكخراوی داعش بوو، ئەوان كۆمەڵكوژیان لەو ناوچەیە دروست كرد و دەستیان لە كەس نەپاراست، پیاوانیان كوشت و ژن و كچ و منداڵانیان بە دیلی برد، تا ئێستەیش چارەنووسی هەندێكیان نادیارە، هاوكات قوربانییەكانیان لە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ ناشتبوو و ئەوەیان دووەم وەجبەی روفاتی شەهیدانە دەهێنرێنەوە شنگال.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتەكەی بە زمانی ئینگلیزی، ئاماژە بۆ كارەساتی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان دەكات، كە ئەمڕۆ 41 لە روفاتی قوربانیانی ئەو تاوانە لە كۆجۆ بەخاك سپێردراون، ئەو دووپاتی لە پاڵپشتیكردن لە مافی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەو قوربانیانە كردەوە، سەبارەت بە كۆمەڵگەی ئێزیدیش بەتایبەتی، ئاماژەی كرد كە پێویستە یارمەتی بنیاتنانەوەی شنگال بدەین، بەكۆمەڵیش پابەندی لێپرسینەوە لە تیرۆریستانی داعش بین.