پەكەكە دوای بێ‌ هیوابوونی لە شنگال چالاكییەكانی دەباتە بەغدا

:: AM:10:49:11/12/2021 ‌
پەكەكە بۆ ئەوەی خۆی بەسەر نووسەر و ڕۆشنبیران بسەپێنێت، لەڕێی باڵی سەربازیی حەشد چەند چالاكییەك لە بەغدا ئەنجام دەدات، چەند كەسێكیش لە كورد بۆ كۆبوونەوەكان بانگهێشت دەكات كە نزیكی فكری خۆیانن.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، حەشدی شەعبی لەڕێی دامەزراوە فكرییەكانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند دەزگایەكی عەرەبی و كوردی و چەند كەسایەتییەكی نزیك لە پەكەكە، كۆنگرەیەكی ڕێكخستووە.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، ناونیشانی چالاكییەكە بەناوی "بەرەو دیالۆگێكی عەرەبی-كوردیی سەركەوتوو"ـە، بەڵام گفتوگۆكان زیاتر بە ئاراستەی چەسپاندنی هزری پەكەكەیە بەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستە لە شنگال ڕەتیان دەكەنەوە.

لەو چالاكییە هەریەك لە كۆمەڵەی ئازادی بۆ كوردانی فەیلی عێراق، دەزگایەكی میدیای كوردی، ڕێكخراوی مرۆیی ڕۆڵەكانی شنگال و كۆمەڵەی دۆستایەتی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا بەشدارن، لەگەڵ ژمارەیەك لەو كاندیدانەی بۆ ئەنجوومەن نوێنەران كاندید بوون، بەڵام دەرنەچوون.

ئەو كۆنگرەیە لە كاتێكدایە باس لە پێكەوەژیان و دۆستایەتی دەكات، بەڵام ئامادە نەبوون بە زمانی كوردی ڕستەیەكیش لە تابلۆكاندا بنووسن.

ئێستە ڕەتكردنەوەی فكری پەكەكە بووەتە بابەتی هاووڵاتییان و لەو ڕاستییە تێگەیشتوون كە پەكەكە جگە لە زیانگەیاندن، هیچ فكرێكیان نییە، ئێستە 80%ـی دانیشتووانی شنگال ئامادە نین بگەڕێنەوە ئەو شارۆكەیە، ژیانی ژێر خێوەتیان پێ‌ باشترە نەك لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی پەكەكە بژین.







وشە - رامیار جەواد