ئامانجێكی پەكەكە لە شنگال ئاشكرا دەكرێت

:: AM:11:47:12/12/2021 ‌
بەهۆی بوونی پەكەكە لە شنگال، حكوومەتی توركیا لە هێرشەكانی بەردەوامە و فەرماندەیەكی پێشمەرگەی شنگالیش دەڵێ، پەكەكە ئێزیدییەكان لە قازانجی خۆیدا دەكاتە قوربانی.
 
قاسم دربۆ یەكێك لە فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگەی شنگال، بۆ "وشە" گوتی، "توركیا بەھۆی پەكەكە شنگال بۆردمان دەكات و پەكەكەش كوردانی ئێزیدی دەخاتە بەرچاو بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بە كوشتنیان بدات، دواجار بڵێن توركیا كوردی ئێزیدی دەكوژێت نەك پەكەكە."

ئەو بە پێویستی دەزانێ چارەسەرییەك بۆ دەركردنی پەكەكە بدۆزرێتەوە، ئەگەر نا خەڵك بێزار دەبن و چیتر ناتوانن بەرگەی ئەو دۆخە نالەبارە بگرن، لەوانەیە ناوچەكە جێبهێڵن.
توركیا جارێكی تر ھۆڵێكی لە خانەسۆر كردە ئامانج

دوێنێ شەموو توركیا جارێكی تر ھۆڵێكی لە خانەسۆر كردە ئامانج، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و زیانی مادی بەر شوێنەكە كەوتووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دووەم جارە توركیا شنگال دەكاتە ئامانج.

بەگوتەی قاسم دربۆ، ئامانجی پەكەكە لەو كارە ئەوەیە خەڵكی شنگال بە كوشتن بدات و بیانكاتە قوربانی بەرژەوەندی خۆی، پەكەكە كوردانی ئێزیدی دێنێتە پێشەوە و خۆشیان حەشار دەدەن، بۆ ئەوەی وا  بڵاوی بكەنەوە توركیا كوردانی ئێزیدی دەكاتە ئامانج، لەكاتێكدا خۆیان ھۆكاری ئەوەن شنگال بۆردمان بكرێت. كوردانی ئێزیدی ناخۆشی و چەرمەسەری زۆریان بینیوە و ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت.

دربۆ باسی لەوەش كرد، پێویستە چارەسەرێك بۆ دەركردنی پەكەكە بدۆزرێتەوە و چیتر رێ نەدرێت پەكەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە زیانگەیاندن بەخەڵكی شنگال.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم 


وشە - سلێمان تاشان