قایمقامی شنگال: وەزارەتی كۆچی عێراق لە لەناوبردنی ئێزیدییەكان هاوبەشە

:: PM:06:23:21/12/2021 ‌

ئەوەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هات كەم نەبوو، بەڵكو یەكێك بوو لە قێزەوەنترین تاوانی كۆمەڵكوژی لە سەردەمی نوێدا، راستە رێكخراوی تیرۆریستی داعش تاوانەكەی ئەنجام دا، بەڵام چەند لایەنێك بە شێوازی جیا جیا هاوبەشی ئەویان كرد لەو تاوانە، قایمقامی شنگال وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق وەك هاوبەشی سەرەكی لە لەناوبردنی ئێزیدییەكان وەسف دەكات.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و كەسانی پێوەست بە پرسی ئاوارەكان لەناو وەزارەتەكە، بەو سەرمایە پێویستی ئەوان لە نەوتی سپی و خێوەت دابین ناكەن، جیا لە فەراهەم نەكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ گەڕانەوەیان یان خەرجكردنی مافە یاساییە رەواكانیان.
ناكرێ ستەمكار پاداشت بكرێت و ستەملێكراویش سزا بدرێت
روونی كردەوە، ئەوەی وەزارەتەكە بە گەڕاندنەوەی ژمارەیەك ماڵباتی داعش و مێوانداریكردنیان لە كەمپی جەدعە و دابینكردنی هەموو پێویستییەكانی ژیان بۆیان، شەرمەزاركردنێكی گەورەیە بۆ ئاوارەكان، كە ئێزیدییەكان سێیەكیان پێك دێنن، بۆیە دەپرسین ئاخۆ ئەوە مافی ئێزیدییەكانە كە دووچاری گەورەترین پرۆسەی كۆمەڵكوژی لە مێژووی عێراق هاتنەوە؟

خەلیل دووپاتی كردەوە، وەزارەتی كۆچ بە پاساوی نەبوونی پارە چاو لە دۆخی ئێزیدییەكان دادەخات، بیر لەوانە ناكاتەوە كە لەو سەرمایەدا هیچیان نییە و دەبێت یارمەتیان بدات بۆ بەرگەگرتنی ئەو دۆخە نالەبارە، كە دەیانخاتە بەر كۆمەڵكوژییەكی نوێ و مردنێكی دڵنیایی. 

قایمقامی شنگال داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و مەرجەعیەتە ئاینییەكان و هێزە سیاسییەكان كرد بە وەستاندنی ئەو پێشێلكاریانە و بەردەوامیی نەهامەتییەكانیان، ئاماژەی كرد، ئەوكاتەی دەبینین وەزارەتەكە ناتوانێت ئەركەكانی بەرانبەر ئاوارە و ئێزدیدییەكان جێبەجێ بكات، تەنیا ئەوەمان لەپێشە داوا لە لایەنە پێوەندیدار و چاودێریكارەكان بكەین بە گوشارخستنە سەر وەزارەتەكە بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی بەرانبەر بە ئاوارەكان بەگشتی و ئێزیدییەكان بەتایبەتی، ئەگەر وەزارەتەكە لەو كارەی بەردەوام بێت، پەنا بۆ دادگاكانی عێراق دەبەین، چونكە ناكرێ ستەمكار پاداشت بكرێت و ستەملێكراویش سزا بدرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل