كونسوڵگەی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت، ململانێ لە شنگال وایكردووە كاریگەری لەسەر كەرتی پەروەردە لە شارۆكەكە دروست بكات، گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات.
ئەمڕۆ یەكشەم 30ـی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ململانێ لە شنگال زۆر بە خراپی كاریگەری لەسەر كەرتی پەروەردە كردووە و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات.
پۆلەكان زۆر قەرەباڵەغن و كەرەستە و پێداویستی خوێندنیش نییە
لەبارەی كەرتی پەروەردە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان نووسیویەتی، پۆلەكان زۆر قەرەباڵەغن و كەرەستە و پێداویستی خوێندنیش نییە. پەرەپێدانی پەروەردە یەكێكە لە كارە هەرە لە پێشینەكان بۆ پێكهاتەكانی شنگال.
ئەوەش باس كراوە، ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دامەزراوەی ستێپ بۆ گەشەپێدان و پەروەردە، هاوبەشی كردووە بۆ چاككردنەوەی دوو هەزار مێزی خوێندن لە شنگال كە 22 كەسی خۆجێ و لەناویشیاندا چەندان ژن كارەكە جێبەجێ دەكەن.
ئەو نوێنەرایەتییە رای گەیاندووە، دامەزراوەی ستێپ لە نزیكەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەروەردە دەكات بۆ دابەشكردنی مێزی خوێندن بۆ 31 قوتابخانە لە دەڤەری شنگال، لەناویشیاندا قوتابخانەی "ئومێد" كە رێكخراوێكی تری ناحكوومییە بەهاوكاری ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، قوتابخانەكە نۆژەن دەكاتەوە.