تا ئێستە دەیان گۆڕی بە كۆمەڵی كوردانی ئێزیدی لەوانەی بوونە قوربانی دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەڵنەدراونەتەوە، ئەوان لە چاوەڕوانی تەواوبوونی رێوشوێنەكانن، كە ئەوەش نەهامەتی كوردانی ئێزی بەردەوام كردووە، چونكە بەشێك لەوانەی چارەنووسیان دیار نییە، ئەگەری هەیە رووفاتیان لەناو ئەو گۆڕانەدا بێت، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە دەست كراوە بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی تر.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزیدی بۆ بەدیكۆمێنتكردن رای گەیاند، تیمە تایبەتەكان دەستیان بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی تری بەكۆمەڵ لە شارۆكەی شنگال كردووە، روونی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەم ئەو تیمانە گەیشتنە كۆمەڵگەی كرزرك سەر لە شنگال و دەستیان بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەكۆمەڵەكە كرد.
زیاتر گوتی، ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە هی قوربانیانی دەستی داعشن، كە لە 2014 كۆنترۆلی ناوچەكەی كرد، بۆیە روفاتی قوربانیان دەردەهێنرێن و دەبردرێنە بەغدا بۆ پشكنین و دیاریكردنی ناسنامەیان.
شایەنی باسە تا ئێستە 89 گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی كوردانی ئێزیدی لە دەوروبەری شنگال دۆزراوەتەوە، لەوانە 31یان هەڵدراونەتەوە و رووفاتی 500 قوربانیان تیادا دەرهێنراوە، كە لە دوای پشكنین لە سەنتەری تایبەت لە بەغدا ناسنامەی 162یان دەركەوتووە.