هەرزانكردنی نرخی كارتی ئینتەرنێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

:: PM:07:43:30/01/2023 ‌

جێگری سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پێوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری هەرزانكردنی نرخی كارتی ئینتەرنێتی دەركردووە، بڕیارەكە تەواوی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئیبراهیم قەبۆ، جێگری سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پێوەندییەكان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە و پێوەندییەكانی عێراق بڕیاری هەرزانكردنی نرخی كارتی ئینتەرنێتی بە هاوشێوەی كارتی موبایل دەركردووە.

روونی كردەوە، ئەو بڕیارە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بڕیاریشە وردەكاریی هەرزانكردنی كارتەكان بۆ ئێمە رەوانە بكەن.

قەبۆ دووپاتی كردەوە، چاوەڕێ دەكرێت هەر كۆمپانیایەك بە رێژەیەك نرخەكان هەرزان بكات، چونكە هەر كۆمپانیایەك بەجۆرێك مامەڵە دەكەن، بۆیە كە وردەكاریمان بۆ هات، ئەوكات هەمووی دیار دەبێت كە هەرزانكردنەكە بە چ جۆرێك دەبێت .

شایەنی باسە لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی، لە 27ی تشرینی یەكەمی 2022، یەكێك لەو بڕیارانەی بۆ سووككردنی بارگرانی دارایی لەسەر خەڵك دەری كرد، لابردنی باجی سەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت بوو، كە ئەوەش بووە هۆی كەمكردنەوەی نرخەكانیان. 

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل