سەردانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بەردەوامە و ئەو چاوی بە بەرپرسانی باڵای حكوومەتی عێراق كەوتووە، رای گەیاند كە پێویستە رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت و بەپێی رێككەوتننە سیاسییەكان دەست بە ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەكە بكرێت.
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی كرد، تا ئێستە رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكراوە، لەوكاتەی یەكێك لەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەكان بۆ بنیاتنانی پرۆسەی نوێی سیاسی و پێكهێنانی كابینەی ویزاری لەسەری رێك كەوتن، جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بوو.
پاڵپشتی لە حكوومەت و پرۆسەی نوێی سیاسی لە عێراق دەكەین
دووپاتی كردەوە، رێككەوتننەكە چەند خاڵێكی سەرەكی لەخۆ دەگرێت، ئەنجامەكانیشی خزمەت بە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانی ئاوارەی بەشێوەیەكی خۆویستانە دەكات، بەتایبەتی ئێزیدییەكانی بەهۆی كارە تیرۆریستییەكان ئاوارە بوون.
ئەحمەد زیاتر گوتی، هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری حكوومەتی فیدراڵ كۆ دەبینەوە بۆ باسكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، دووپاتی كردەوە، هیوامان بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران هەیە و پەیامی ئێمە ئەوەیە كە پاڵپشتی لە حكوومەت و پرۆسەی نوێی سیاسی دەكەین و بەشێكی سەرەكین لە بنیاتنانی پرۆسەكە، داواش لە بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵ دەكەین رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكەن.
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە كە هەرێم پابەندە بە هەموو رێككەوتننەكانی لەنێوان هەردوو حكوومەت كراوە، بەڵام بەرپرسی سەرەكیی لە جێبەجێكردنی رێككەوتننەكان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی بوونە، كە جێبەجێیان نەكردووە، لەوانەش رێككەوتنی شنگال و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور.