دوای نۆ ساڵ لە داگیركردنی لەلایەن داعشەوە و حەوت ساڵ لە ئازادكردنەوەی، تا ئێستە برینی شنگالییەكان كراوەیە، پێشتر داعش و ئێستەش پەكەكە و میلیشیا عێراقییەكان رێگە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەبووەكەی و ئاوەدانكردنەوەی نادەن، پەرلەمانتارێكی شنگالی دەڵێت، چارەنووسی ناوچەكە بە دەستی حزبێكی ناعێراقی و بوونێكی نایاسایی بەستراوەتەوە.
مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تا ئێستە شنگال كارەساتبار و وێرانەیە، بەر لە چەند رۆژێك دۆسیەی مرۆیی شنگالمان بردە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و هاوسۆزییەكی گەورە لە بەرانبەر دۆسیەی شنگالییەكان هەیە، دوای گەڕانەوەشمان چاومان بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوت و داوامان لێی كرد بەتایبەتی رەچاوی دۆخی شنگال بكات.
روونی كردەوە، بڕی 50 ملیار دیناری عێراقی وەك یەكەم وەجبە خراوەتە ناو سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال، بەڵام دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بە دەرچوونی پەكەكە و گرووپە چەكدارییە نایاساییەكان لە شنگال وابەستەیە، دووپاتی كردەوە، ئێمە رێگە بە نەبوونی دەوڵەت و دەستوەردان لە داهات و كاروباری شنگال و خەڵكەكەی نادەین.
ئەو پەرلەمانتارە كە قایمقامی پێشووی شنگال بوو روونی كردەوە، ئێستە حزبێكی ناعێراقی و نایاسایی چارەنووسی شنگالی بەدەستەوەیە، بۆیە پێویستە دۆخەكە ساز بكرێت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، دوای ئەوە كاروانی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەست پێ دەكات، ئاشكرای كرد كە دۆسییەكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسایشی خۆراك و پڕۆژەكان لە شنگال لە یاسای بودجە جێگیر كراوە.
خەلیل ئاماژەی كرد كە پڕۆژەیەكی ئاودێری لە رووباری دیجلەوە بۆ شنگال رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام بابەتەكە لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال ماوەتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رژدە لە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە و رێككەوتنی شنگال و رەخساندنی دۆخەكە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.