50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان دەكرێت

:: PM:05:09:13/04/2023 ‌

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەوروبەری تەرخان كردووە، دووپاتی كردەوە كە بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان پێوەستە بە هەرێمی كوردستان و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە كۆتایی 2020 لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە، بەڵام تا ئێستە لەسەر زەوی جێبەجێ نەكراوە، بەپێی رێككەوتنەكە پێویستە پەكەكە و میلیشیاكانی تر لەو ناوچەیە دەربكرێن و ئیدارەیەكی خەڵكی ناوچەكە جێگیر بكرێت و هێزێكی پۆلیسی ناوخۆییش بۆ پاراستنی ئاسایشی شنگال و دەوروبەری تەرخان بكرێت، كە بەهۆی پێداگریی پەكەكە لە مانەوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی پەك خستووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گوتی، زیاتر لە 40 هەزار كۆچبەر لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن، لە پارێزگاكانی عێراق كەمپ نییە و تەنیا سەنتەرێكی شیاندنەوە لە مووسڵ هەیە بۆ پێشوازیكردن لەو پەنابەرانەی لە كەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە، دوای ئەوە دەگەڕێندرێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

روونی كردەوە، وەك ئیدارەدان وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران پێوەندی بە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵام پاڵپشتیان دەكات و یارمەتی و كۆمەكی مرۆییان پێشكەش دەكات، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی ئەوان پێوەستەبە هەرێمی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئاشكرای كرد كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەانكردنەوەی شنگال تەرخان كردووە، ئەوەش یەكەم هەنگاوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.

لە ماوەی دواییدا مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تا ئێستە شنگال كارەساتبار و وێرانەیە، بەر لە چەند رۆژێك دۆسیەی مرۆیی شنگالمان بردە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و هاوسۆزییەكی گەورە لە بەرانبەر دۆسیەی شنگالییەكان هەیە، دوای گەڕانەوەشمان چاومان بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوت و داوامان لێی كرد بەتایبەتی رەچاوی دۆخی شنگال بكات.

روونی كردەوە، بڕی 50 ملیار دیناری عێراقی وەك یەكەم وەجبە خراوەتە ناو سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال، بەڵام دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بە دەرچوونی پەكەكە و گرووپە چەكدارییە نایاساییەكان لە شنگال وابەستەیە، دووپاتی كردەوە، ئێمە رێگە بە نەبوونی دەوڵەت و دەستوەردان لە داهات و كاروباری شنگال و خەڵكەكەی نادەین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل