پیردەیان جەعفەر: هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال دۆخی تەناهییە

:: PM:08:35:13/04/2023 ‌

بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك رای دەگەیەنێت كە هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال خراپی دۆخی تەناهی و نەبوونی خزمەتگوزارییە، دووپاتی كردەوە كە ئێمە هەر خێزانێك بگەڕێتەوە نەك رێگرین، بگرە هاوكاریشیان دەكەین.

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو باسەی حكوومەتی عێراق دەیكات، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەهیچ شێوەیەك راست نییە، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی نەگەرانەوەی ئاوارەكانی شنگال خراپیی دۆخی تەناهییە، كە بەهۆی بوونی بارەگەكانی پەكەكە لەناو ماڵان، توركیا بەردەوام بۆردمانی ناوچەكە دەكات، ئەمەش هۆكارێكە كە تا ئێستە 70%ی خەڵكی شنگال نەگەڕاونەتەوە و ئامادەشنین بەو دۆخە بگەڕێنەوە بۆ شنگال.

زیاتر گوتی، جگە لەوەش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان داوا لە خەڵك دەكەن قەرەبوویان دەكەنەوە و هاوكاریان دەكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام ناگەڕێنەوە، بۆیە هەر خێزانێك داوای گەڕانەوە بكات ئێمە هاوكاریان دەكەین و لێدوانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كە خۆشی سەردانی كەمپەكانی كردووە و خەڵكی مووسڵە، هیچ بنەمایەكی نییە .

جەعفەر دووپاتی كردەوە، هیچ بۆ ئاوارەكان نەكراوە نە لە رووی تەناهییەوە و نە لە رووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی شنگال، هەموو ئەوانە هۆكارن كە خەڵك ناگەڕێتەوە، ئاشكرای كرد، ئاوارەكان پێیان خۆشە ئاوارە بن نەك بەو شێوەیە بگەڕێنەوە بۆ شنگال، كە لە شنگال 100 هەزار كەس هەیە و زیاتر لە 300 هەزار كەسیش ئاوارەیە.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل