پێ ناچێت حكوومەتی ئێستەی عێراق بتوانێت رێككەوتنی شنگال وەك خۆی جێبەجێ بكات، ئەوەی هەیە چەند هەنگاوێكە و دوورە لەوەی لە رێككەوتنەكەدا باسی لێوە كراوە، مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، ئێران و هاوپەیمانەكانی هەرگیزێ رێگەنادەن میلیشیاكان لەو ناوچەیە دەربچن و بكشێنەوە.
د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانگۆ و پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە ریككەوتنی شنگال كە لە ساڵی 2020 لە نێوان هەردوو حكوومەتی مستەفا كازمی و هەرێم واژوو كرا، هەروەها لە رێككەوتنی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهینانی حكوومەتی سوودانی، دووپات لەسەر ئەو خاڵە كراوە كە دەبێت دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و گرووپە میلیشیاكان دەربچن.
زیاتر دەڵێت، هەرچەندە زۆر جار باسمان كردووە كە ئێران و هاوپەیمانەكانی هەرگیز رێگە نادەن ئەو خاڵە جێبەجێ ببێت و ئەوان لەو ناوچەیە ناكشێننەوە، لە دیارترین هەنگاودا و بە پێی هەندێك سەرچاوەی هەواڵی حەشدی شەعبی، خەریكی دروستكردنی لیوایەكی تری حەشدن لە شنگال بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە بڵاو ببنەوە، كاتێك فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەكە رەزامەندی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەست هێناوە بۆ پێكهێنانی هێزێكی نوێی حەشد لە شنگال، كە بە قەبارەی یەك لیوا دەبێت.
ئەو شارەزایە دەڵێت، گومانی تیدا نییە مەبەستی هەرە سەرەكی لە دروستكردنی ئەو لیوایە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەی گرووپە چەكدارەكانە لەو دەڤەرە و پێشێلكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، هەروەها ئەم هەنگاوانە دژی دەستووری عێراقن، بۆیە پێوێستە هەرێمی كوردستان دژایەتیی ئەو هەوڵانە بكات.