ئەمڕۆ 25 خێزانی ئاوارەی عەرەبی سوننە گەڕێندرانەوە ناو شنگال، كە ئەندامی داعشیان تیادا بووە، بەو هۆیەوە ئاڵۆزییەك شارۆكەكەی گرتەوە، وا بڵاو كرایەوە كە كوردانی ئێزیدی شنگال هێرشیان كردووەتە سەر ئەو ئاوارانە و مزگەوتێكی موسڵمانان، سەرچاوەكان راستی رووداوەكە روون دەكەنەوە، كە هێرشەكە بەهۆی ئەوە بووە كەسێكی داعش لەناو ئاوارەكان ئاشكرا بووە و گیراوە.
لەوبارەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كێشەی لە شنگال رووی داوە، كچێك لە رزگاركراوانی دەستی داعش، یەكێك لەوانەی دەستدرێژی كردووەتە سەری ناسیوەتەوە، باسی لەوە كردووە كە ئەو كەسە لەگەڵ شەش كەسی تر دەستدرێژیان كردووەتە سەری و ئەندامی داعشە، بۆیە هێزە تەناهییەكان ئاگەدار كراونەتەوە و ئەو كەسەیان گرتووە، خەڵكەكەش هێرشی كردبووە سەریان و شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو، بەڵام دواتر هێزە تەناهییەكان هاتبوونە نێوانیان و بڵاوەیان پێ كردبوون.
زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی ئەو كەسانەی پێوەندییان بەداعشەوە هەبووە لە نزیك مزگەوت بوونە، بۆیە ئەوانە چووبوونە سەر مزگەوتەكە، ئەگەرنا هەمیشە مزگەوت لەناو ئێمە هەبووە و رێزمان گرتووە و قەت هێرشی سەر مزگەوت نەكراوە، دووپاتی كردەوە، پێكەوەژیانی ئاینی لە شنگال هەیە و هیچ كێشەیەك لەوبارەوە نییە.
شەشۆ باسی لەوەش كرد، هیچ پێوەندییەكمان بە مزگەوتی موسڵمانان نییە، بەڵام ئەوەی رووی داوە پێوەندی بەو كەسە هەبووە كە داعش بووە، بۆیە ئەو كێشە رووی داوە و تا ئێستەش ئاڵۆزییەكان بەردەوامی هەیە و چارەسەر نەبووە.
لای خۆیەوە سەعدوون زەرۆ، بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزدیان لە شنگال بە "وشە"ی گوت، راستە خەڵكی ئێمە بەهۆی شەری داعشەوە رۆیشتبوون بۆ مووسڵ و ئەمڕۆ لەگەڵ هێزە تەناهییەكانەوە گەڕابوونەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی ماڵی ئەوانیان داگیر كردووە لێیان وەربگرنەوە، بەڵام كچێك یەكێكی ناسی بووەوە كە كاتی خۆی ئەمیری داعش بووە و دەستدرێژی كردبووە سەری كە ناوی "شێخ ئەیادە"، بۆیە هێزە تەناهییەكان گرتبوویان، بەڵام كاتێك خەڵكی ئێزیدی ئەوەیان زانیبوو بە دار و بەرد هێرشیان كردبووە سەر ئەو كەسە، بەڵام رێگریان لێ كرابوو.
"مزگەوتی رەحمان لە شنگال هەیە و زۆر كۆنە و هیچ كاتێك كەس دەستی بۆ نەبردووە، بەڵام هێزە تەناهییەكان لە نزیك مزگەوتەكە بوونە، خەڵكەكەش بەردیان لە هێزە تەناهییەكان گرتووە، خەڵكانێك ویستوویانە ئەوە بكەنە كێشەیەكی ئاینی، ئەگەرنا كوردی ئێزدی رێز لە هەموو ئاینەكان دەگرن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە تا ئێستە داعش لە شنگال هەیە و بنبڕ نەكراوە، ئەمەش خەتای عێراقە كە دۆخی شنگال بەو شێوە ماوەتەوە"، سەعدوون زەرۆ وای گوت.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم