میری ئێزیدیان هێرشكردنە سەر مزگەوتەكەی شنگال رەت دەكاتەوە

:: PM:05:21:28/04/2023 ‌

دوێنێ لە كار و كاردانەوەیەكدا كە بەهۆی گەڕاندنەوەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ شارۆكەی شنگال بێ ویستی كوردانی ئێزیدی و ئاشكرابوونی ئەندامێكی داعش لەناو گەڕاوەكان، گرژی لە شنگال دروست بوو، لەوانە هێرش كرایە سەر مزگەوتێك، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزیدییان لە عێراق و دنیا، بە توندی ئەو هێرشەی رەت كردەوە.

ئەمڕۆ هەینی میری ئێزیدییان لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی هێرشەكەی دوێنێی بۆ سەر مزگەوتی رەحمان لە شارۆكەی شنگال رەت كردەوە، كە لە میانەی خۆپێشاندانێك دژی گەڕانەوەی ژمارەیەك خێزانی عەرەبی ئاوارە رووی دا، میر حازم تەحسین بەگ گوتی، رەتكردنەوەی تەواوەتی خۆمان بۆ هێرشەكەی سەر مزگەوتی رەحمان و سووتاندنی لە شنگال رادەگەیەنین، دووپاتی دەكەینەوە كە هێرشكردنە سەر مزگەوتەكان لە ئاكاری ئێمەی ئێزیدیدا نییە.

روونی كردەوە، ئەوكاتەی داعش هێرشی كردە سەر شنگال و ئێزیدییەكان، موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەكانیان بۆ واڵاكردین و لە یارمەتیدانمان كەمتەرخەم نەبوون، بۆیە ئەو هەڵسوكەوتەی رووی دا بە هێرشكردنە سەر مزگەوتەكە و سووتاندنی، لە ئاكاری ئێزیدییەكان و ئەمیریان دوورە.

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ بنكەی رۆشبیری و كۆمەڵایەتی لالش لە بەیاننامەیەكدا رووداوەكانی دوێنێی شنگالی بە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی عێراق بەستەوە و هەموو جۆرە كارێكی توندوتیژیشی رەت كردەوە، گوتی، خۆپێشاندانی ئاشتیانە مافێكی ئاساییە، بەڵام دەستدرێژیكردنە سەر پیرۆزیی ئاینەكان هەڵسوكەوتێكی نەشیاوە و لەهیچ لایەنێك قبووڵ ناكرێت، بنكەكە بەرپرسیارەتییەكەی خستە ئەستۆی حكوومەتی عێراق، بەوەی دەبێت رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل