دوێنێ دۆخی شنگال ئاڵۆزی زیاتری تێكەوت، كاتێك حكوومەتی عێراق 25 خێزانی ئاوارەی عەرەبی سوننەی گەڕاندنەوە شارەكە، لەو كاتەی دۆخی ئەو شارە بەهۆی باڵادەستیی گرووپەكانی سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی هەر ئاڵۆز بووە، قایمقامی پێشووی شنگال هۆكاری ئەو كێشانەی شنگال بۆ لاوازی و بێتوانایی حكوومەتەكانی بەغدا لە چارەسەركردنی كێشەكان و باڵادەستیی پەكەكە دەگەڕێنێتەوە.
لە كۆتایی 2020 هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرد، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت هەموو هێزە نایاساییەكان لە شارەكە بچنە دەرەوە، واتە ئەوانەی سەر بە حەشدی شەعبی و پەكەكەن، جیا لە پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شارەكە و هێزێكی پۆلیسی ناوخۆیی لە خەڵكی شنگال، و كار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بكرێت.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق و قایمقامی پێشووی شنگال دەڵێت، حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەرپرسن لەوەی لە شنگال رووی داوە و روو دەدات، ئەوەش بەهۆی لاوازی و بێتواناییان لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو دەڤەرە.
روونی كردەوە، دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزی و كێشەكانی شنگال بەهۆی بەردەوامیی باڵادەستی پەكەكەیە بەسەر شارەكە، ئاماژەی كرد، چەندان جار دووپاتمان كردووەتەوە كە چارەسەری پرسی شنگال دەوەستێتە سەر جێبەجیبَكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، كە بەر لە سێ ساڵ لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر واژوو كراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ رووناكای نەبینیوە.