دوێنێ دوای گەڕانەوەی 25 خێزانی ئاوارەی عەرەبی سوننە بۆ شنگال، ئاڵۆزی لە شارەكە سەری هەڵدا، گرووپێك هەڵیان كوتایە سەر مزگەوتێكی سوننە لە شارەكە، ئەوەش بابەتەكەی بردە قاڵبێكی تر و میدیا و سۆشیال میدیا بابەتەكەیان بەئاقارێكی تردا برد، مامۆستایەكی زانكۆ پێی وایە ئەوەی لە شنگال دەگوزەرێت، یارییەكی هەواڵگرییە و پێوەندی بە ئێزیدییەكانەوە نییە.
د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ئەوەی لە شنگال رووی دا گەمەیەكی هەواڵگریی ئێران و گرووپە میلیشیاكانی شیعەی سەر بە ئێرانە و هیچ پێوەندییەكی بە ئێزیدییەكانەوە نییە.
روونی كردەوە، ئێران و میلیشیاكان دەیانەوێ لە رێگەی سووتاندن یان بێڕێزیكردن بە مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكانەوە ئێزیدییەكان تۆمەتبار بكەن و كێشە و ناكۆكی لە نێوان پێكهاتە ئاینییەكان دروست بكەن و بەو شێوەیە پێگەی خۆیان لەو دەڤەرە بەهێز بكەن، دووریش نییە لە چەند رۆژی داهاتوودا شوێنە پیرۆزەكانی كوردانی ئێزیدی بسووتینرێت و كوردە مووسڵمانەكان تۆمەتبار بكرێن.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، لە راستیدا ئێران شارەزایە لە دروستكردنی شەڕی تایفی و ئاینی لە نێوان پێكهاتەكان، بۆ ئەوەی درێژە بە هەژموون و سیاسەتی خۆی بدات، لەكاتی شەڕی تایفیی نێوان شیعە و سوننەش لە 2005-2008 لە سامەڕا، ئێران بە تەقاندنەوەی چەندان شوێنی پیرۆزی شیعەكان و تۆمەتباركردنی سوننە توانی ئاگری شەڕی نێوان شیعە و سوننە خۆش بكات، هەر ئەو شەڕە تایفییەش بووە فاكتەری هەرە گرنگ بۆ بەهێزكردنی پێگە و دەسەڵاتی لە عێراقدا.
"دەبێت كورد ئاین و باوەڕەكەی هەرچییەك بێت، زۆر وریا بن و نەكەونە تەڵەی ئێران و گرووپەكانی حەشدی شیعەوە، دەبێت هەر دەزگە و كەسێك یان گرووپێك هەوڵی دروستكردنی ناكۆكی بدات، بە توندترین شێوە سزا بدرێت"، نەوزاد هیتووتی وا دەڵێت.