سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بۆ رۆژی جیهانی كرێكاران بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، یەكی ئایار لە هەمووان پیرۆز بێت و پشوویەكی ئارام و ئاسوودە بۆ كرێكاران دەخوازم.
ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئایار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، یەكی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، بە گەرمی لە كرێكارانی كوردستان، عێراق و جیهان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان پیرۆز دەكەم. بەشداری و قوربانیدانی كرێكارانی كوردستان لە شۆڕش و ڕۆڵی دیار و ڕەنجی زۆریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا بەرز دەنرخێنم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەم یادەدا وێڕای دەربڕینی هەموو پشتگیرییەك بۆ ماف و داوا ڕەواكانی كرێكاران، دووپات لە پێویستیی هەبوونی یاسایەكی سەردەمیانەی كار بۆ پاراستنی مافەكانی كرێكاران و ڕەخساندنی زەوینەی سەلامەت و ژینگەی لەبار و ڕێكخستنی دروستی كاژێرەكانی كار و یەكسانی لە دەرفەتی كاردا دەكەینەوە، هەروەها دەبێ گرنگیی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی كرێكاران و خێزانەكانیان بدرێت و سەندیكا و ڕێكخراوەكانی كرێكارانیش كاراتر بۆ مافەكانیان كار بكەن.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كەسوكاری ئەو كرێكارانە دەنێرین كە لە كاتی كاردا گیانیان لە دەست داوە، لەسەر لایەنە پێوەندارەكانە لە هەموو ڕوویەكەوە چاودێرییان بكەن و یارمەتی بدرێن، یەكی ئایار لە هەمووان پیرۆز بێت و پشوویەكی ئارام و ئاسوودە بۆ كرێكاران دەخوازم.