سوودانی: پابەندین بە بەرنامەی حكوومەت و جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال

:: PM:11:47:02/05/2023 ‌

تا ئێستە دۆخی شنگال و ئێزیدییەكان ئاسایی نەبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تووشی دڕندانەترین تاوان و كۆمەڵكوژی لە سەردەمی نوێ لەسەر دەستی رێكخراوی داعش هاتنەوە، دوای رزگاركردنەوەشی پەكەكە و حەشدی شەعبی نایەڵن ناوچەكە ئاسایی ببێتەوە و كوردانی ئێزیدی تۆزێك لە خەمەكانیان سووك بێت، پەرلەمانتارێكی ئێزیدی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و خەمی كوردانی ئێزدی دەباتە لای و چەند بەڵێكی لێ وەردەگرێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی، مەحما خەلیل، قایمقامی پێشووی شنگال و پەرلەمانتاری ئێستەی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە، چەندان دۆسیەی گرنگی پێوەست بە شنگال و كوردانی ئێزیدی لەو دیدارە خستووەتە روو.

هەردوولا باسیان لە دۆخی شنگال و دانانی پلان و ستراتیجیەتێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە كرد، لەوانە پێوەست بە دۆخی كارگێڕی و تەناهی و خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئاوارەكان و  قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و ئاشكراكردنی چارەنووسی رفێنراوان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ناسینەوەیان، جیا لە دامەزراندنی كەسانی ئێزیدی لە دامەزاروەكانی دەوڵەت و گرنگیدانی زیاتر بە پێكهاتەی ئێزیدی كە دووچاری گەورەترین هەڵمەتی كۆمەڵكوژی لە مێژوو بە دەستی داعش هاتنەوە.

وەك لە بەیاننامەكە و قسەكانی خەلیلدا هاتووە، سوودانی بەڵێنی داوە بەوەی ببێتە فەرمانبەرێك و لە ناوخۆ و دەرەوە نوێنەرایەتی ئێزیدییەكان بكات، ئەو پابەندبوونی بە رێككەوتننامەی شنگال دەربڕیوە و گوتوویەتی، پێمە پابەندی بەرنامەی حكوومەت لەوانەش جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شنگالین. 

بەدەر لەوەی خەلیل داوای لە سوودانی كردووە بۆ سەردانیكردنی پارێزگەی نەینەوا و شاری شنگال و مەزاری لالش، ئەویش رازی بووە، لەسەر داوای ئەو پەرلەمانتارە سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا بە دامەزراندنی 2500 پۆلیس لە شنگال، كە دامەزراندنیان بخرێنە ناو بودجە، هەروەها رەزامەندی داوە بە گواستنەوەی لیژنەی قەرەبووكردنەوەی شنگال بۆ شارەكە و بەستنەوەی بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها قەرەبووكردنەوەی بە پەلەی زیانلێكەوتووان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل