بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە پارێزگای دهۆك ئاماژە دەكات كە حكوومەتی عێراق داوا لە ئاوارەكان دەكات بگەڕێنەوە و بەڵێنیان پێ دەدات كە قەرەبوویان بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە قەربووی یەك خێزانیش نەكراوەتەوە.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، وەك هاندانێك وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق باس لەوە دەكات ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە شنگال، قەرەبوویان دەكاتەوە و نووسراوێكیان پێ دەدات بەناوی گەڕانەوە بۆ شارۆكەكە، بەشێوەیەك هەر خێزانێك بە ملیۆنێك و500 هەزار دینار قەرەبوو دەكرێنەوە، كەچی ئەوانەی پێش ساڵێك گەڕاونەتەوە، هێشتا یەك دیناریشیان پێ نەدراوە و قەرەبوو نەكراونەتەوە.
روونی كردەوە، نزیكەی 900 خێزان ناویان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال نووسیوە، بەڵام تەنیا 150 خێزان گەڕاونەتەوە و 29 خێزانیش پەشیمان بوونەتەوە، دووپاتی كردەوە، ئەوەی بیەوێ بگەڕێتەوە، ئێمە نووسراوی بۆ دەكەین و هاوكاری دەبین، بەڵام وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هیچ هاوكار نییە و ئامادە نییە ئەو قەرەبووە كەمەشیان بكاتەوە، تەنیا هانیان دەدات بێ ئەوەی هیچ كردارێكی هەبێت.
شایەنی باسە ئاوارەیەكی زۆری كوردی ئێزیدی لە كەمپەكانی دهۆكن، ئەوان حەز دەكەن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام لە لایەك بەهۆی بوونی پەكەكە و حەشدی شەعبی و نەبوونی ئارامی و سەقامگیری، لە لایەكی تر دۆسیەی ئاوارەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كە لە لایەن بزاوەی بابلیونی سەر بە رەیان كلدانییەوە بەڕێوە دەبرێت و بە سیاسی كراوە و بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەكار دێَت، ئەوانە وایان كردووە ئاوارەكان نەگەڕێنەوە و داوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بكەن.
دهۆك/ بڵند ئیبراهیم