دوای هێرشە سەربازییەكەی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا لە 2022، مەترسییەكی گەورە لەسەر دەستكەوتنی گەنمی پێویست لە لایەن زۆرینەی وڵاتانی دنیا سەری هەڵدا، چونكە بەشێكی زۆری گەنم لەو دوو وڵاتە بەرهەم دێت، ئەوە وای كرد عێراق جیا لە كڕینی گەنمی زیاتر، هانی جووتیاران بدات بۆ چاندنی گەنم، ئێستە كە كاتی كڕینەوەی گەنمی جووتیارانە، جیاوازی لە وەرگرتنی گەنمەكە بەپێی ناوچەكان دەكرێت.
كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە دەڵێت، قەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە شارۆكەی خانەقین گەیشتووەتە 20 هەزار تۆن لە 17 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی، لەوكاتەی وەزارەتی بازرگانی عێراق 3600 تۆنی دیاری كردووە، كە لە جووتیارانی ناوچەكەی وەردەگرێت.
زیاتر گوتی، بەو هۆیەوە زیانی زۆری دارایی بە جووتیارانی خانەقین كەوتووە، چونكە زۆرینەی جووتیاران بەو هۆیەوە بەناچاری گەنمەكانیان لە بازاڕ بە نرخێكی هەرزانتر لەوەی حكوومەت وەری دەگرێت دەفرۆشنەوە، كاتێك نرخی كڕینی تۆنێك گەنم لە بازاڕ لە نێوان 600 بۆ 700 هەزار دینارە، لەوكاتەی حكوومەت بە 850 هەزار دینار وەری دەگرێت.
ئەوەی لە خانەقین هەیە، جووتیارانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بەدەستییەوە دەناڵێنن، كاتێك وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 500 هەزار تۆن گەنمی بۆ هەموو ناوچەكانی هەرێم دیاری كردووە بیكڕێتەوە، كەچی بەرهەم زۆر لەوە زیاترە.