نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، داوای جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگالی كرد كه له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی عێر و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژوو كراوه.
رێككه‌وتنى شنگال له نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر واژوو كرا، به‌ڵام هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه، به گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى عێراق هاتوون شنگال چۆڵ بكه‌ن و ته‌نیا هێزى فه‌رمى عێراقى تێدابێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م سێی ئاب، جێنین پلاسخارت له میانی وتارێكی له رێوڕه‌سمی نۆیه‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان له شنگال كه له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، ڕای گه‌یاند كه نابێت ڕێ بدرێت ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هات دووباره ببه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێت ڕێككه‌وتنی شنگال كه له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێم واژوو كراوه جێبه‌جێ بكرێت.
پلاسخارت دووپاتی له پێویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و شوێنی خۆیان له شنگال كرده‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌بێت هاوكاربن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شارۆكه‌كه، دووباره دووپاتی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری هاووڵاتییان و دروستكرنی كه‌شێكی گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان كرده‌وه.
هاوكات سه‌رۆك بارزانی له یادی نۆ ساڵه‌ی جینۆسایدكردنی ئێزیدییه‌كان، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و پێی وایه، ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق له‌مه‌ڕ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، باشترین چاره‌سه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی خه‌ڵكی شنگال بهێنرێت، به‌ڵام جێی پرسیاره بۆچی هه‌تا ئێسته حكوومه‌تی عێراقی نه‌یتوانیوه ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكات.
نۆ ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدكردنی ئێزیدییه‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تێده‌په‌ڕێت. هێرشێكی زۆر دڕندانه كه به‌هۆیه‌وه به هه‌زاران ئێزیدی كوژران و به هه‌زارانی تر بێسه‌روشوێن كران و به سه‌تان هه‌زار كه‌سیش ئاواره بوون