لە نۆیەم ساڵوەگەڕیی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگاربووانی كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش ئاماژە دەكات كە چەندان ساڵە رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كراوە، بەڵام عێراق یەك خاڵی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە و بەغدا خەتابارە .
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگاربووانی كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە نۆ ساڵ بەسەر كارەساتی شنگال تێپەر دەبێت و تا ئێستە هیچ هەنگاوێك لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەكە نەنراوە.
روونی كردەوە، بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كرد، بەڵام بەداخەوە دوای چەندان ساڵ هێشتا حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال نەناوە، لەبەر ئەوەی تاكە چارەسەری ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێ بەجێكردنی رێككەوتننەكەیە.
قائیدی روونی كردەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق چیتر خۆی لە رێككەوتنەكە نەدزێتەوە و دەست بە جێبەجێكردنی بكات، چونكە تا دۆخی شنگال بەو شێوەیە بێت، خەڵكی ئێمە هەر لە ئاوارەییدا دەبێت و ناگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، ئەوكات خەڵك دەگەڕێتەوە، هەرچەندە ناتوانرێت ئەو كارەساتە لەبیر بكرێت، بەڵام هەندێك لە نەهامەتیی ئەو خەڵكە كەم دەبێتەوە.
بەرپرسی نووسینگەی رزگاربووانی كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش باسی لەوەش كرد كە حكوومەتی عێراق لە جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی شنگال خەتابارە، ئەوان هۆكارن كە تا ئێستە هیچ خاڵێكی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە.
دهۆك/ بڵند ئیبراهیم