مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان په‌یامێكی له‌باره‌ی بڕیاری ناردنی بڕی 700 ملیار دینار له به‌غداوه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه.
مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له په‌یامێكدا رای گه‌یاندووه، به پشتبه‌ستن به‌خوای گه‌وره و ئیراده‌ی به‌هێزی گه‌له‌كه‌مان، توانیمان به‌رگری له مافی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی بگه‌ینه ڕێككه‌وتنێكی گونجاو، بۆ دابینكردنی مووچه‌ی هاووڵاتییان.
"سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر كه متمانه‌یان به حكوومه‌ته‌كه‌ی خۆیان له ده‌ست نه‌دا". مه‌سروور بارزانی وا ده‌ڵێ.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، سوپاس بۆ سه‌رۆك بارزانی كه پاڵپشت و ڕێنیشانده‌رمان بوو له زاڵبوون به‌سه‌ر كۆسپه‌كاندا. سوپاس بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له پشتیوانیكردن و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ.
"سوپاس بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقی فیدراڵ كه پشتیوانمان بوون. سوپاس بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراقی فیدراڵ كه پاڵپشت و هاوده‌نگ بوون له ده‌سته‌به‌ركردنی مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان". مه‌سروور بارزانی وای نووسیوه.
له كۆتایشدا سوپاس بۆ شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به بێ ماندووبوون و به هه‌ستێكی پڕ له به‌رپرسیاریه‌تی، توانییان له‌م ئه‌ركه قورسه‌دا سه‌ركه‌ون. به پشتیوانی خوای گه‌وره به‌رده‌وام ده‌بین له خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی خوشه‌ویست و ڕێگه به هه‌وڵه نه‌زۆكه‌كان ناده‌ین سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان تێكبده‌ن.