ڕۆژی چوارشەم 27ـی ئەیلوول لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و عێراق پشووی فەرمییە، ئەویش بەهۆی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام لە بەشێك لە دامەزراوەكان دەوام دەكرێت و پشوو نابێت.
ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی چوارشەم پشووی فەرمییە، بەڵام بەشێك لە وزارەت و دامەزراوەكان دەبێت ئەو ڕۆژە فەرمانبەرانیان بگەڕێنەوە دەوام.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ڕۆژی چوارشەم مووچەی وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و رەگەزنامە و داودەزگا نەوتییەكان دابەش دەكرێت، بۆیە بڕیار دراوە ئەو بانكانەی پابەندن بە دابەشكردنی مووچە، ئەو ڕۆژە دەرگاكانیان كراوە بێت.
باسی لەوەش كرد، جگە لە بانكەكان، فەرمانبەرانی ئەو شوێنانەش دەگەڕێنەوە دەوام بۆ ئەوەی مووچەكانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ دابەشكردنی مووچە دەستی پێ كرد، تا ڕۆژی هەشتی تشرینی یەكەم بەردەوام دەبێت، بڕیارە ئەمڕۆ بەشێكی تری پارەكەی بەغدا كە 450 ملیار دینار ماوە، بگاتە هەرێمی كوردستان.