قایمقامی قوشتەپە رای دەگەیەنێت، لەلایەن كەسانێكی دەرەوەی سنووری قوشتەپە لە ڕۆژانی پشوودا، هەوڵی زێدەڕۆیی درا، بەڵام ڕێگریمان لێ كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی كانوونی یەكەم، بژار مەلاخدر قایمقامی قوشتەپە، بە "وشە"ـی راگەیاند، كەسانێك لە دەرەوەی یاسا كە خەڵكانی دەرەوەی سنووری شارۆكەی قوشتەپەن، بەدەرفەت وەرگرتن لە ڕۆژانی پشوو، ویستیان چەند زێدەڕۆییەك لە سنووری قوشتەپە بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان بكەن.
زیاتر گوتی، هێزە تەناهییەكانمان بە هاوكاریی خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، توانیان ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو زێدەڕۆییانە بكەن و پێشی لێ بگرن.
باسی لەوەش كرد، داوا لە خەڵكی دڵسۆزی قوشتەپە دەكەین لە سەنتەر و گوندەكان، هەمیشە چاوكراوە بن و ڕێ نەدەن خەڵكانی بەرژەوەندخواز بەمەرامە كەسییەكانیان، ناو و ناوبانگی شارۆكەكەیان لەكەدار بكەن و لە بینینی هەرحاڵەتێكی زێدەڕۆیی، دەزگا میری و تەناهییەكان ئاگادار بكەنەوە، بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حكوومەت بڕیاری داوە، ڕێگری لە سەرجەم زێدەڕۆییەكان بكات و رووبەڕووی ئەو كەسانە بێتەوە كە موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان بەكار دەهێنن، لە رابردووشدا یاسای تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان و بێ سەرەتاكان دەرچوو كە تێدا ڕێكخستنەوەی بۆ ئەو جۆرە موڵكانە لە شار و شارۆكەكان كرد.