ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە نەینەوا: رێگە نادەین ئیدارەی تازەی شنگال بە نایاسایی دابنرێت

:: PM:07:59:04/05/2024 ‌

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاماژە دەكات كە حەشدی شەعبی و یەكێتی، دەیانەوێ لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە و بە زۆرینە ئیدارە و قایمقامی تازە بۆ شنگال دیاری بكەن، كە كارێكی نایاساییە و رێگەی پێ نادەین، چونكە شنگال قایمقامی هەیە و رێگری لە دەوامكردنی دەكرێت و پەكەكە بارەگەی قایمقامیەی داگیر كردووە.

د. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە "وشە"ی گوت، ئەو هەوڵەی لەلایەن یەكێتی و حەشدی شەعبییەوە بۆ دانانی ئیدارەیەكی تازە و قایمقام بۆ شنگال دەدرێت نایاساییە و بە هیچ شێوەیەك رێگەی پێ نادەین، چونكە پێویستە دوای دانانی ئەنجوومەنی پارێزگا بە پێی یاسا لە ماوەی شەش مانگ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارۆكەكان بكرێت و ئەوان دەتوانن قایمقام دیاری بكەن، بۆیە ئێستە كێشەی قایمقام نییە و رێگە نادەن دەوام بكا و پەكەكە شوێنەكەی داگیر كردووە، بۆیە ناتوانن وەك ئیدارە دەوام بكەن و رێگرییان لێ دەكەن.

روونی كردەوە، هیچ كێشەیەكی ئیدارەمان لە شنگال نییە و تەنیا ئەوەیە دۆخەكە ئاسایی نییە و رێگری لە ئیدارە دەكرێت كە دەوام بكات، بۆیە ناتوانن هیچ هەنگاوێك بنێن، چونكە نیازیان وایە هەڵبژاردن نەكرێت و لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ئیدارەی تازە دانێن كە 16 ئەندامن، ئێمەش رێگە بە كاری نایاسایی نادەین و پێویستە كارەكان بە یاسایی ئەنجام بدرێن، بۆیە ئەو هەوڵەی ئەوان سەركەوتوو نابێت.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل