دوو تۆمەتباری رووداوی كوشتنی گەنجێك لە نزیك زانكۆی جیهان لە هەولێر گیران

:: PM:08:51:09/05/2024 ‌

بەر لە دوو رۆژ كوژرانی گەنجێك بە ناوی (كارزان كەریم مەغدید)، لە سەر شەقامی 100 مەتری لە نزیك زانكۆی جیهان لە هەولێری پایەتەخت دەنگدانەوەی گەورەی لە سۆشیال میدیا هەبوو، بە تایبەتی كە چیڕۆكی هۆكار و شێوازی كوشتنەكەی لەسەر زاری كەسوكاری بڵاو كرایەوە، ئەمشەو ئاسایشی هەولێر گرتنی دوو لە بكوژانی ئەو گەنجەی راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر هاتووە، لە رێككەوتی7ی ئایاری 2024 لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر لە نزیك زانكۆی جیهان، هاووڵاتی (كارزان كەریم مەغدید) لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەلایەن سێ كەسەوە كوژرا.

زیاتر هاتووە، دوای ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتباران بۆ دەرەوەی شاری هەولێر هەڵاتبوون و خۆیان حەشار دابوو، لە ئەنجامی بەدواداچوون لەلایەن هێزەكانمانەوە، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەكان دەستنیشان كران، كە بۆ سنووری بناری چیای قەرەچووغ هەڵاتبوون.

دواتر بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان هەردوو تۆمەتباری سەرەكی  بە ناوەكانی (م، گ،م) و  (ه،گ،م)، بگرین و دەستیشمان بەسەر ئەو ئۆتۆمۆبیلەدا گرت كە لە دوای تاوانەكە پێی هەڵاتبوون، هەروەها بەدواداچوون بۆ گرتنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل